کاندیدە سەربەخۆکان رێگەی چوونە پەرلەمانیان سەختە



لە کاتێکدا کێبڕکێیەکی چڕ و پڕی هەڵبژاردن لەنێوان کاندیدانی لایەنە سیاسییەکان و هاوپەیمانییەکاندا هەیە 84 کاندیدی سەربەخۆ ڕکابەریی دەکەن بۆ گەیشتن بە کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان کە ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت و   لە 20ی ئۆکتۆبەریشدا دەنگدانی گشتی بەڕێوە دەچێت.

 

هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ەوە تا ئێستا، شاهیدی پێنج خولی پەرلەمانی بووە کە کاندیدانی سەربەخۆ لە خولی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ڕێگەی دوو لیستی هەڵبژاردنەوە بەشدارییان کرد، بەڵام نەیانتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمانی لەو خولانەدا بەدەستبهێنن.

 

بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق کە سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەکات، ئەو کاندیدانەی کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەشدارییان لە ڕکابەرییەکانی خولی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، بەرامبەر ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە کاندیدانی پارت و هاوپەیمانییە سیاسییەکان خۆیان دەبیننەوە، کە ژمارەیان 1072 کاندیدە، 949 کاندید نوێنەرایەتی حزبەکان دەکەن، لەگەڵ 123 قەوارە و  هاوپەیمانیی سیاسیی.

 

هاوکات بەپێی زانیارییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دوو ملیۆن و نۆ سەد هەزار دەنگدەر، مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن هەیە.

 

هۆشیار مالۆ سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی کوردستان پێی وایە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کاندیدی سەربەخۆ، تێڕوانینێکی باش و ئەرێنی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبەخشێت، ئاماژەش بەوە دەکات کە سەربەخۆکان چانسی بردنەوەیان هەیە، بەڵام زۆر کەمن و پارتە گەورەکانیش لە پشت هەندێک کاندیدی سەربەخۆوە وەستاون.

 

مالۆ، خۆ کاندیدکردنی منداڵی بەرپرسان و کەسایەتییە خێڵەکییەکان و بنەماڵە ناسراوەکان و گۆرانیبێژان و بەشێک لە کەسایەتییەکانی سۆشیال میدیا بە دیارترین تایبەتمەندی هەڵبژاردنی ئێستای پەرلەمانی کوردستان دەزانێت .

 

کۆی گشتی کاندیدەکانی خولی ئێستای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کوردستان هەزار و 194 کاندید کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 100 کورسی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە پێنج لەو کورسییانە تەرخانکراون بۆ پێکهاتەکانی “مەسیحی و تورکمان”، کە 38 کاندید ڕکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانیان.

 

لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن، ئارام جەمال، ئەم سیستمەی هەڵبژاردن بە لەبار نازانێت بۆ سەرکەوتنی تاکە کاندید.

 

دەشڵێت؛ سەرکەوتنی تاک کاندیدەکانمان وەک شتێکی زۆر دەگمەن بینیوە، چونکە ژمارەی کاندیدەکانی حزب دوو ئەوەندەی ژمارەی کورسییەکانی تەرخانکراو بۆ هەر قەزایەکی هەڵبژاردنە، بۆیە کاندیدە تاکەکان ناتوانن ڕکابەری ئەم ژمارە کاندیدەی حزب بکەن چونکە بە تاک لە قەزاکە ڕکابەری دەکەن، هەربۆیە سەرکەوتنیان قورسە.

دەنگدانی تایبەت بە ژمارە
پێت دەنگدانی تایبەت بە ژمارە
دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول دەستیپێكرد
دوات دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول دەستیپێكرد
پەیوەندیدر