یەحیا سینوار، داڕێژەری هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر … کوژراوە زیندووەکە



 

سوپای ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە (17ی تشرینی یەکەمی 2024) ڕایگەیاند، بەدواداچوون بۆ کوشتنی سینوار (62 ساڵ) دەکات، کە داڕێژەری هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بوو کە حەماس لەودیو سنوورەوە بۆ باشووری ئیسرائیل دەستیپێکرد.

 

یەحیا سینوار کێ یە کە ٢٢ ساڵی تەمەنی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا بەسەر بردووە؟

لەدایکبووی ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٢ سیاسەتوانێکی فەلەستینی یە،  لە ساڵی ٢٠١٧ەوە سەرۆکی ڕێکخراوی ڕێکخراوی سیاسی و سەربازی ئیسلامی حەماسە، کە خاوەن دەستەڵاتی کەرتی غەززەیە.

لە ساڵی ١٩٦٢ لەژێر دەسەڵاتی میسر لە کەمپی پەنابەرانی خان یونس لە غەززە لە دایکبووە، خێزانەکەی لە شەڕی عەرەب و ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ لە ئەلمەجدال عەسقەلان دەرکراون یان ھەڵاتوون.

خوێندنی لە زانکۆی ئیسلامیی غەززە تەواو کردووە و لەوێ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە خوێندنی عەرەبی وەرگرتووە .

بەھۆی ڕێکخستنی پلانی ڕفاندن و کوشتنی دوو سەربازی ئیسرائیلی و چوار فەلەستینی کە بە ھاوکار دەزانران، لە ساڵی ١٩٨٩دا لەلایەن ئیسرائیلەوە چوار سزای ھەتاھەتایی بەسەردا سەپێندرا، لە ئاکامی ئەو سزایانەش ٢٢ ساڵی تەمەنی تا ئازادکردنی لە ساڵی ٢٠١١دا لە زیندان بەسەر برد.

 

ناوبراو یەکێک بوو لەو ئاادکراوانەی لەنێو ١٠٢٦ کەسی دیکەدا لە ئاڵوگۆڕێکدا، ؛ە پێناو ئازادکردنی سەربازی ئیسرائیلی گەلعاد شالیت ، لە زیندان دەرباز بوو.

 

سینوار یەکێک بوو لە ھاودامەزرێنەرانی دەزگای ئەمنی حەماس، لە ساڵی ٢٠١٧دا وەک سەرۆکی حەماس ھەڵبژێردرا، و بانگەشەی کرد کە ساڵی دواتر «بەرخۆدانی ئاشتیانە و جەماوەری» بەدوای خۆیدا دەھێنێت، ھەڵوێستێک کە دواتر وازی لێھێنرا.

 

لە ساڵی ٢٠٢١دا جارێکی دیکە وەک سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس ھەڵبژێردرایەوە، و لەو ساڵەدا لەلایەن ئیسرائیلەوە ھەوڵی تیرۆرکردنی درا.

 

نزیکەکانی دەڵێن؛ سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر پەشیمان نییە، هەرچەندە ئەو هێرشە هەڵمەتێکی سەربازی ئیسرائیلی لێکەوتەوە کە دەیان هەزار فەلەستینی تیایدا گیانیان لەدەستدا و غەززەی لە داروپەردووی ڕووخاودا وێناکرد.

 

چوار بەرپرسی فەلەستینی و دوو سەرچاوە لە حکومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەفتەکانی پێش ساڵڕۆژی یەک ساڵەی هەڵگیرسانی شەڕ لە غەززە ڕایانگەیاند کە سینوار تەنیا “خەباتی چەکداری” وەک ڕێگەیەک بۆ سەپاندنی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی دەبینی.

 

حەسەن حەسەن، نووسەر و لێکۆڵەری گرووپە ئیسلامییەکان، ئاماژەی بەوە کردووە، کە سینوار ئێران و تەواوی “میحوەری بەرخۆدان” – کە حزبوڵڵا و حوسییەکانی یەمەن و گرووپە چەکدارەکانی عێراق لەخۆدەگرێت – بۆ ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل ڕاکێشاوە.

 

حەسەن دەڵێت: ئەوەی ئێستا شاهیدی دەدەین دەرئەنجامی قومارەکەی سینوارە سەرکەوتوو نەبووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە میحوەری بەرەنگاری هەرگیز نەگەڕێتەوە بۆ دۆخی جارانی.

 

حەسەن دەشڵێت، “ئەوەی ئیسرائیل لە ماوەی دوو هەفتەدا بەرامبەر حزبوڵڵا کردی، یەکسانە بە نزیکەی ساڵێکی تەواو لە لاوازکردنی حەماس لە غەززە، لەناو حزبوڵڵادا سێ ئاستی سەرکردایەتی نەهێڵدرا، سەرکردایەتی سەربازی، سەرکردە دیارەکەی حەسەن نەسروڵڵا”، و جێگرەکەشی کوژران.

 

زۆرێک لە وڵاتان حزبوڵڵا، یان باڵە سەربازییەکەی بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانن، لەوانە ئەمریکا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا و وڵاتانی دیکە. هەروەها ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢٠دا چالاکیی ئەو پارتە لەسەر خاکی خۆی قەدەغە کرد و وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنی کرد.

 

سینوار دوای ئەوەی ئیسماعیل هەنیە لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو لە سەردانێکیدا کە بۆ تاران لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژرا، وەک سەرۆکی بزووتنەوەکە هەڵبژێردرا.

 

سینوار کە ئیسرائیل بە “ڕووخساری خراپ” ناوی بردووە، بە نهێنی کاری دەکرد، بەردەوام شوێنی دەگۆڕی، بە وتەی سێ بەرپرسی بزووتنەوەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە سینوار لەبەردەم خەڵکدا دەرنەکەوتووە.

 

سەرچاوەکانی ناو بزووتنەوەی حەماس ڕایانگەیاندووە، لە ماوەی چەند مانگێک لە دانوستانە سەر نەکەوتووەکانی ئاگربەست بە سەرۆکایەتی قەتەر و میسر کە تیشکیان خسبووە سەر گۆڕینەوەی دیلەکانی فەلەستین بە بارمتە ئیسرائیلییەکان، سینوار تاکە بڕیاردەر بووە.

 

سینوار دوای ماوەیەکی کەم لە دامەزراندنی حەماس لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا پەیوەندی بە حەماسەوە کرد و ئایدۆلۆژیای ئیسلامی بناژۆخوازی ئەو گرووپەی گرتەبەر کە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی دەدا لە فەلەستین و دژایەتی بوونی ئیسرائیل دەکات.

 

لە ماوەی دەیان ساڵ داگیرکاری ئیسرائیلدا، سینوار هەندێک جار باسی ژیانی سەرەتایی خۆی لە غەززە کردووە و جارێک باسی لەوە کردووە کە دایکی جل و بەرگی لە ئەو کیسەی خۆراکانە بۆ دووریوە کە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون.

 

سینوار زۆر توند بوو کاتێک ئەرکی سزادانی ئەو فەلەستینیانەی پێ سپێردرا کە کاریان سیخوڕیکردن بوو بۆ ئیسرائیل، هاوکات وەک سەرکردەیەک لە زیندان ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا، دوای مانەوەی ٢٢ ساڵ لە زیندانەکانی ئیسرائیل بە تۆمەتی پلاندانان بۆ ڕفاندن و کوشتنی دوو سەربازی ئیسرائیلی و چوار فەلەستینی، پاشان بەخێرایی بەرزبووەوە بۆ لوتکەی ڕیزەکانی سەرکردایەتی حەماس.

 

تێگەیشتنی لە سەختییەکانی ڕۆژانە و واقیعی سەختی غەززە وای لە سینوار کردووە کە لەلای دانیشتوانی کەرتی غەززە خۆشەویست بێت، سەرەڕای ناوبانگەکەی وەک کەسێکی سەپێنێنەر و توڕە.

 

بەرپرسانی عەرەبی و فەلەستینی سینوار بە نەخشەڕێژ و  توانا سەربازییەکانی بزووتنەوەی حەماس دەزانن، کە لە ڕێگەی پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ ئێران تواناکانی بەهێزتر بوو، کە لە ساڵی 2012 دەرفەتی سەردانیکردنی بۆ رەخسا.

 

سینوار پێش ئەوەی سەرپەرشتی جێبەجێکردنی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر بکات، “ویستی لێدانی گورزی توندی لە دوژمنەکەی” نەشاردەوە.

 

لە وتارێکیدا ساڵێک پێش هێرشەکە، سینوار بەڵێنیدا باهۆزێک بگەیەنێتە ئیسرائیل، ئاماژەی بە شەڕێک کرد کە ڕەنگە جیهان یەکبخات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی لەسەر ئەو خاکانەی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧ داگیری کردبوون.

 

بەڵام ئامانجەکانی بەدی نەهاتن، ڕاستە پرسی فەلەستین گەڕاوەتەوە سەرووی لیستی ریزبەندییە جیهانییەکان، بەڵام ئەگەرەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی لە جاران دوورترە.

 

نەبیح عەوادە، چالاکوانی پێشووی کۆمۆنیستی لوبنانی کە لە نێوان ساڵانی 1991بۆ 1995 لەگەڵ سینوار لە عەسقەلان زیندانی بوون، دەڵێت؛ سینوار

” کاریزما” بوو، کاریگەری لەسەر هەموو زیندانییەکان هەبووە، تەنانەت ئەوانەی ئیسلامیش نەبوون.

 

عەوادە دەڵێت، “سینوار هەمیشە دەیوت ڕووبەڕووبوونەوە ئەوەیە کە بتوانێت دەستکەوت بەدەستبهێنێت”.

 

ناوبراو، سینواری “بە ئیمانێکی پتەو و لە ئیرادەدا بەهێز” وەسف کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکاتێک گوێی لە هێرشەکانی حەماس یان گروپی حزبوڵای لوبنان بۆسەر ئیسرائیلییەکان دەبوو، ڕوخساری لە خۆشیدا دەدرەوشایەوە.

 

مایکل کۆبێ، بەرپرسی پێشووی “شین بێت” کە بۆ ماوەی ١٨٠ کاتژمێر لە زیندان لێکۆڵینەوەی لەگەڵ سینوار کردووە، ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی توانای تۆقاندن و سەرکردایەتیکردنی سینوارەوە ئامادەیییەکی ڕوونی هەبووە.

 

کۆبێ جارێکیان پرسیاری لە سینوار کردووە کە ئەوکات تەمەنی ٢٨ یان ٢٩ ساڵ بوو، بۆچی هاوسەرگیری نەکردووە؟ سینوار “پێی وتووە حەماس هاوسەر و منداڵی منن، حەماس هەموو شتێکە بۆ من”.

 

سینوار لە ساڵی ٢٠١١ دوای ئازادبوونی لە زیندان هاوسەرگیری کردووە و سێ منداڵیان بووە.

 

عەوادە ئاماژەی بەوەشکرد، لە زینداندا بەردەوام بووە لە ئەرکی ڕاوەدوونانی سیخوڕی فەلەستینییەکان، ئەمەش لەگەڵ ڕاپۆرتی لێکۆڵەرانی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شین بێت) یەکدەگرێتەوە.

 

عەوادە دەڵێت؛ “ئەقڵی تیژ و وریایی ئەو، وایکرد کە بریکارەکانی شین بێت ئاشکرا بکات کە دزەیان کردبووە ناو زیندانەکەوە”.

 

 

A.G/F.Y/A.K (ڕۆیتەرز)

دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول دەستیپێكرد
پێت دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول دەستیپێكرد
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەڵەبجە: بەهیچ شێوەیەک بردنە ژوورەوەی مۆبایل رێگەپێدراو نیە
دوات بەڕێوەبەری پۆلیسی هەڵەبجە: بەهیچ شێوەیەک بردنە ژوورەوەی مۆبایل رێگەپێدراو نیە
پەیوەندیدر