دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد، لە چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و سێ پارێزگای عێراقیش بەڕێوەدەچێت.
کۆی گشتیی دەنگدەرانی تایبەت 215 هەزار و 960 کەسن کە دەکاتە رێژەی 7.4٪ـی کۆی دەنگدەران.
بەپێی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، “هەر دەنگدەرێکی دەنگدانی تایبەت، کارتی بایۆمەتری کۆدکراوی تایبەت بە خۆی هەیە و دوای دەنگدان لێیان وەردەگیرێتەوە، خۆ ئەگەر رادەستیشی نەکردبێت، ناتوانێت لە دەنگدانی گشتی بەکاری بهێنێت، چونکە ئەو ئامێرەی لە دەنگدانی گشتی بۆ دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکانی دەنگدەر بەکاردەهێنرێت، کارتی بایۆمەتری دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت ناخوێنێتەوە”.
لە دەنگدانی تایبەتدا 165 ناوەندی دەنگدان لە 9 پارێزگا کراوە دەبن، چوار بازنە لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بنکەکانی دەنگدان، لە سەڵاحەدین، بەغدا، واست، کەرکوک، نەینەوا.
کۆی گشتی 747 وێستگەی دەنگدان بۆ دەنگدانی تایبەت دادەنرێن لەو 165 بنکەیەی بۆ ئەو هەڵبژاردنە دانراوە.