وەزارەتی شارەوانی دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی زەوی ڕاگەیاند و وەزیریش دەڵێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا قۆناغەكانی دیكەی پرۆسەكە دەستپێدەكەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی پێنج هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و 2 هەزار و 300 پارچە زەوی دیكەش بەسەر كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە شاری هەولێر دەستیپێكرد.
تیروپشكی ڕاكێشانی ئەو پێنج هەزار پارچە زەوییە لە شاری هەولێر، لەلایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر ڕاكێشرا و دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر بەردەوامی پرۆسەكە بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كردەوە.
ساسان عەونی، ڕایگەیاند: پرۆسەی دابەشكردنی زەوی دەستیپێكرد و ئەمەش مژدەیەكی خۆشی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی كوردستان.
وتیشی: ئەمڕۆ دابەشکردنی پێنج هەزار پارچە زەوی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕادەگەیەنین، هەر ئەمڕۆش دوو هەزار و 300 پارچە زەوی دیكەش بەسەر خانەوادەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دابەش دەكرێت كە پێشتر فەرمانی وەرگرتنی زەویان هەبووە و ئێستا ڕێكارەكانی تەواو بووە، واتە 7 هەزار 300 پارچە زەوی دابەش دەكرێت.
وەزیری شارەوانی لەبارەی دابەشكردنی زەوی لە سلێمانی و گەرمیان و زاخۆ و ناوچەكانی دیكەی كوردستان وتی: هەر ئەمڕۆ لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی 6 هەزار و 577 پارچە زەوی وەك قۆناغی یەكەم دابەش دەكرێت. هاوكات لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بۆ قۆناغی یەكەم ڕەزامەندی لەسەر 2 هەزار 474 پارچە زەوی دراوە و دوێنێش هەزار و 241 پارچە زەوی لە زاخۆ ڕاگەیەندرا.
سەبارەت بە بەردەوامی پرۆسەكەش، ساسان عەونی، وتی: هەتا ئێستا وەزارەتەكان بەردەوامن لە ناردنی ناوی فەرمانبەرانیان و لە ڕۆژانی داهاتووشدا قۆناغەكانی دیكەی پرۆسەكە ڕادەگەیەنین، وتیشی لە هەموو شارەوانییەكانیش نەخشەی پێویست بەپێی ژمارەی فەرمانبەران ئامادە كراوە.
لەبارەی زەوییەكانی شاری هەولێریش ڕایگەیاند، ئەو نەخشەیەی ئامادەكراوە لەسەر 2 هەزار و 90 دۆنمە و لە هەشت گەڕەك پێكهاتووە، 4 هەزار و 828 پارچە زەوی نیشتەجێ لەخۆدەگرێت لەگەڵ ژمارەی دیكەی زیادە، ڕووبەری زەوییەكانیش 200 مەترن و شەقامەكانیان نابێت لە 12 مەتر كەمر بێت، هەروەها وتیشی: شەقامی 30مەتری تێیدایە لەگەڵ هێڵی ترام و هێڵی پایسكیل و پیادەڕۆ و باچخەی بچووكی ناو ماڵ و پاركی گەورە و بنكەی تەندروستی و قوتابخانە و باخچەی ساوایان و مزگەوت و خزمەتگوزارییەكانی تر كە ڕۆژانە بەكار دێن.