سبەینێ دەنگدانی تایبەت و یەکشەممەش دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و کۆمسیۆنی عێراقیش دەڵێت: “100٪ ئامادەین”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەیسەر یاسین، وتەبێژی لیژنەی ناوەندیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، سەرجەم کاروبارە تەکنیکی و لۆجستییەکان بۆ هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە تەواوی ئامادەکراون.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، دابەشکردنی پێداویستی و ئامێرەکانی تایبەت بە دەنگدان بەسەر بنکەکانی دەنگداندا کۆتایی دێت کە سێ ڕۆژە دەستیپێکردووە.
ئەیسەر یاسین ڕاشیگەیاند، ژمارەی دەنگدەری تایبەت لە سەرجەم پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، نەینەوا، واست، سەڵاحەدین، دیالە، ئەنبار و کەرکووک دەگاتە 215 هەزار و 960 کەس و لە 165 بنکەدا دەنگدەدەن.
نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەر لە کاتی دەنگداندا، ئەگەرێکە و پێدەچێت بۆ بەشێک لە دەنگدەران رووبدات، بە مەبەستی چارەسەری ئەم پێشهاتەش، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، چەند مەرجێکی بۆ دەنگدان داناوە و سەرباری نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر، دەنگدەر دەتوانێ دەنگی خۆی بدات.
مەرجەکانی کۆمسیۆن لە کاتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدان بریتین لە:
1- دەنگدەر کارتی بایۆمەتری هەبێت
2- ناوی لە لیستی دەنگداندا هەبێت
3- رۆژی دەنگدان کارتی دەنگدانەکە و کارتی نیشتمانی پێ بێت
4- کە جیهاز ناوی نەخوێندنەوە، بەڕێوەبەری وێستگە ناوەکەی زیاد دەکات و پەنجەمۆری پێ دەکات و دەنگی خۆی دەدات
لەبەر ئەم هۆکارە و بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم ئەگەرە، پێویستە دەنگدەران کاتی چوون بۆ دەنگدان ئەم مەرجانە بەدی بهێنن.