سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دامەزراندن بە گرێبەستی كوڕان و كچانی خانەكانی نەوجەوانان لە سلێمانی و هەولێر، كە تەمەنی ١٨ ساڵییان تەواو كردووە و ژمارەیان ١٦ كەسە.
دوابەدوای نووسراوێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دامەزراندنی بێ سەرپەرشتان، سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە واژۆی ئومێد سەباح فەرمانێكی بە ژمارە ٥٥ لە ٤- ١- ٢٠٢٣ دەركردووە و بڕیاری داوە بە دامەزراندنی ئەو مێردمنداڵانەی لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا تەمەنیان گەیشتۆتە سەروو ١٨ ساڵ.
وەك لە فەرمانەكەی سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، “سوودمەندانی ماڵەكانی كوڕان و كچان و بابان لە سلێمانی ٩ كەسن و لە هەولێر ٧ كەسن و بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێن لەسەر میلاكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی”.
جەختیشكراوەتەوە، خەرج کردنی مووچەکانیان بە پێی ڕێنمایی دارایی ژمارە ١٠ ی ساڵی ٢٠١٩ دەبێت، بەمەرجێک لە ھیچ دامودەزگایەکی حکومەت مووچەی تریان نەبێت.