خۆر لە ترۆپکی چالاکیدایە و ئەمساڵ زریانی زۆر ڕوودەدات



دەزگای بۆشایی ئاسمان ناسا لە ڤیدیۆ کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، خۆر گەیشتۆتە ترۆپکی چالاکی خۆی و ماوەی ساڵێک دەخایەنێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر زەوی دروستدەکات و ڕەنگە ئەمساڵ زۆرترین زریان و چالاکی موگناتیسی و گۆڕانی کەش و هەوا دروستبێت.

زۆرترین چالاکیی خۆر بەشێکە لە خولی ١١ ساڵەی خۆر، لەو ماوەیەدا لە ئارامییەوە دەگۆڕێت بۆ زریان، لە لوتکەی هەر خولگەیەکی خۆردا جەمسەرە موگناتیسیەکانی خۆر دەسوڕێنەوە، هاوشێوەی جەمسەرەکانی باکوور و باشووری زەوی کە هەر دە ساڵ جارێک شوێنی خۆیان دەگۆڕن.

جەیمی فاڤۆرس، بەڕێوەبەری پرۆگرامی کەشوهەوای بۆشایی ئاسمانی ناسا دەڵێت: “لە کاتی لوتکەی چالاکیی خۆردا، پەڵەی خۆر و چالاکیی خۆر زیاد دەکات، ئەمەش دەرفەتی سەرنجڕاکێش دەڕەخسێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە نزیکترین ئەستێرەکانمان، بەڵام ئەم زیادبوونی چالاکییە کاریگەری ڕاستەقینەی لەسەر زەوی و سەرتاسەری کۆمەڵەی خۆرمان هەیە”.

چالاکییەکانی خۆر کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر کەشوهەوای بۆشایی ئاسمان هەیە، ئەمەش دەتوانێت کاریگەری لەسەر مانگە دەستکردەکان و کەشتیوانەکان و سیستەمی پەیوەندییەکانی وەک جی پی ئێس و ڕادیۆ هەبێت، هەروەها تۆڕەکانی کارەبا لەسەر زەوی ڕەنگە لەکاتی زریانی خۆردا لاواز بن.

لە چەند مانگی ڕابردوودا چالاکییەکانی خۆر بووەتە هۆی دروستبوونی دیمەنی سەرسوڕهێنەری ئاورۆرا و پچڕانی مانگی دەستکرد و تەکنەلۆژیای دیکە.

لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٤ زنجیرەیەک لە گەورەترین تەقینەوە ئاگریینیەکان و دەردراوەکانی خۆر کە بە ( هەناسەی خۆر ) ناوبرا گەیشتنە بارگە هەوای زەوی و چەندین دیاردەی سروشتی دەگمەنی دروستکرد لەوانە دیمەنی ئارۆرا و زریانی جیۆموگناتیسی، کە لە ماوەی ٥٠٠ ساڵی ڕابردوودا وێنەیان نەبووە.

خولگەی خۆری ئێستا کە بە خولی خۆر ٢٥ ناسراوە، لە ڕووی چالاکیی پەڵەی خۆرەوە کەمێک لە چاوەڕوانییەکان زیاتر بووە.

لیزا ئاپتۆن، هاوسەرۆکی لیژنەی پێشبینیکردنی خولی خۆر دەڵێت: “هەرچەندە هەندێک زریانی گەورەمان بینیوە، بەڵام لە چوارچێوەی ئەو شتانەدان کە چاوەڕێی دەکەین لە قۆناغێکی تونددا”.

ناسا و ئیدارەی نیشتمانی ئۆقیانووس و بەرگەهەوا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ زیاتر زریانی خۆر و جیۆموگناتیسی لە چەند مانگی داهاتوودا، لەگەڵ ئەگەری زیاتری ئاورۆرا بۆریالی و کاریگەرییە تەکنەلۆژییەکان.

لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ئامێری پشکنەری خۆری پارکەری ناسا نزیکترین نزیکبوونەوەی خۆی لە خۆرەوە تا ئێستا ئەنجام دەدات و داتای کەشوهەوای بۆشایی ئاسمانی بێ وێنەی تۆمارکردووە.

بڕیاری خەرجکردنی تەواوکاری مووچە درا
پێت بڕیاری خەرجکردنی تەواوکاری مووچە درا
نرخی دۆلار بەرزبووەوە
دوات نرخی دۆلار بەرزبووەوە
پەیوەندیدر