تا ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لیستی مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆرانی بڵاونەکردووەتەوە، بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچە رادەگەیەندرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگاداری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی راگەیاند: ئەو شاندەی هەرێم کە بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەران لە بەغدان لەگەڵ بەرپرسانی دارایی عێراق گەیشتوونەتە رێککەوتن و بڕیار دراوە پارەی تەواوکاری مانگی نۆ رەوانە بکرێت.
بە وتەی سەرچاوەکە، چاوەڕوان دەکرێت دوای گەیشتنی پارەی تەواوکاری بۆ مووچەی مانگی نۆ، لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی مانگی نۆ بڵاودەکرێتەوە.
هاوکات هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی راگەیاند: تا ئێستا وادەی راگەیاندنی لیستی مووچەی مانگی نۆ نادیارە و هەر شتێکیان هەبوو خۆیان بڵاوی دەکەنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران هات و بەپێی لێدوانی بەرپرسانی هەرێمیش، پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024، مووچەی مانگی نۆ دابەش دەکرێت.