ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كەسایەتی و سیاسیەكان لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، توندبوون و دەسەڵات ئازاری ڕۆحی هاووڵاتیانی داوە، داواش لە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان دەكات: بەرپرسانە و لەخواترسانە دەنگ بدەن.
سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لە پەیامێكی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند، “كەسایەتی و سیاسیەكان لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا توندبوون و دەسەڵات ئازاری ڕۆحی هاووڵاتیانی داوە، ئازاری نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیرانی داوە”.
ڕاشیگەیاندووە، “ئەو مامەڵەكردنە لەگەڵ قەیرانەكان، وایكرد خەڵكی زیاتر نائومێدبن، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە لە كاتێكدایە و بەشێوازێكە، كە ئومێد گەڕاوەتەوە بۆ هاووڵاتیان، هیوا بە گۆڕانكاری و دەستكاریكردنی دۆخەكە هەیە، بۆیە داواكارم بەرپرسانە و لەخواترسانە دەنگ بدەن”.
سەڵاحەدین بەهائەدین وتیشی، “هێزە ناڕازییەكان ئەونەی توانیان و زانیان، بۆ ڕوونكردنەوەی بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیان وتیان، پێویستە هاووڵاتیان گەشتبێتنە ئەو باوەڕەكەی كە دۆخەكە نەشیاوە و گۆڕینی دەوێت”.
جەختیشی كردەوە، “دۆخەكە گۆڕینی دەوێت و دەبێت ئەو ئەمانەتە بدەنە دەست كەسانێك كە بازرگانی ناكەن و بە پێداویستیەكانی میللەتەوە كاسبی ناكەن، كە سانێك كە بازرگانی سیاسی نین، بەڵكو كەسی ڕاستەقینە و دڵسۆزەكەی میللەتن”.
سەڵاحەدین بەهائەدین لە پەیامەكەیدا وتیشی، “بەڵێنیان وەرگرتووە، كە لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی كوردستان دەستكاری و ساختەكاری نەكرێت، ئەگەر ئەوە سەر بگرێت كەس نازانێت دەنگ بە كێ دەدرێت و هەموو ئەو هەڕەشە و ترساندن و تۆقاندنە بێ بنەمایە و بەسەر ئەو لایەنەدا دەشكێتەوە كە بەكاری دەهێنێت”.