حاكم قادر ڕایگەیاند، هەر كاتێك یەكێتی بەهێزبووبێت دۆخی هاووڵاتیان و گوزەرانیان باشتر بووە، بۆیە ڕێگا دروستەكە بەهێزكردنەوەی یەكێتییە.
حاكم قادر حەمەجان، سەردانی كۆمەڵەی كەمئەندامانی سەنگەری كرد و ستایشی كۆمەڵەكەی كرد و ھەوڵ و دڵسۆزیان بۆ بەدیھێنانی مافەكانی كەمئەندامانی سەنگەر بەرزنرخاند و ڕایگەیاند، دەستخۆشیتان لێدەكەین و لای ئێمە جێگای شانازین. ئێوە كە بەشێك لە جەستەتان پێشكەشی خەبات و تێكۆشان و رێبازی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و نەتەوەكەمان كردوە، ئێوە شەهیدی زیندوون.
وتیشی، “پێویستە كەمئەندامانی سەنگەر باشترین خزمەت بكرێن و مافی گونجاوی خۆیان پێ بدرێت، چونكە ئەوەی ئەوان بەخشیویانە بە نیشتمان بە هیچ شتێك بەراورد ناكرێت و قەرەبوو ناكرێتەوە”.
حاكم قادر باسی دۆخی سیاسی هەرێمی كرد و ڕایگەیاند، ” لاسەنگی لە حوكمڕانیدا لەھەرێمی كوردستان زیانی زۆری لە ئەزموونی كوردستان داوە و پێویستە یەكێتی بە قەبارەی شەھید و خەبات و قوربانیەكانی و جەماوەر بەشداربێت لە حكومڕانیدا”.
جەختیشی كردەوە، هەر كاتێك یەكێتی بەهێز بووبێت دۆخی هاووڵاتیان باشتر بووە و تاكە ڕێگەش بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان بەهێزكردنەوەی یەكێتییە، ھەروەھا وتیشی، “بەھێزی یەكێتی زامنی پاراستنی ھەرێمی كوردستان و یەكڕیزی خاك و خەڵكەكەی دەكات، چونكە ئەمە یەكێكە لەو پرەنسیپە گرنگانەی یەكێتی هەمیشە پێوەی پابەند بووە”.