بەرگری شارستانی سلێمانی كۆنتڕۆڵ كردنی ئاگرەكەی ناوچەی پیشەسازی ڕادەگەیەنێت و خاوەنی یەكێك لە كارگەكانیش دەڵێت: بەهۆی ئاگرەكەوە زیانی نزیكەی ملیۆن و نیوێك دۆلاریان لێ كەوتووە.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، تیمەکانی بەرگری شارستانیی سلێمانی بە سەرپەرشتی عەمید (دیار ابراهیم) توانیان کۆنتڕۆڵی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەی گەورە بکەن لە ناوچەی پیشەسازی سلێمانی.
ڕاشیگەیاندووە، “کارمەندەکان بەوپەڕی تواناوە هەوڵیاندا بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردنی ئاگرەکە بۆ دەورووبەر و دراوسێ دوکانەکانی، گەرچی ئاگرەکە قەبارەی گەورە بوو بەهۆی زۆری سووتانی ماددەکانی ناوی، بەڵام توانرا کۆنتڕۆڵ بکرێت”.
لای خۆشیەوە، خاوەنی یەکێک لەو کارگانەی لە ناوچەی پیشەسازیی سلێمانی سووتا بۆ میدیاكان وتی، “ئاگرەكە بەهۆی ئەوە بووە، كە ئیشی ئیزوگام کراوە و پەرەمێزیان بەکارهێناوە، بۆیە ئاگرەکە کەوتۆتەوە”.
وتوشیەتی، “نزیکەی ملیۆن و نیوێک دۆلار زیانمان کردووە”.
لای خۆشیەوە خاوەنی كۆگایەكی سووتاوی ناوچەی پیشەسازیی سلێمانی باسی زیانەكانی ئاگركەوتنەوەكە دەكات و دەڵێت، “نزیكەی 300 بۆ 350 هەزار دۆلار زیانمان بەركەوتووە”.