سودانی بڕیار لە مووچەی مانگی 9ی هەرێم دەدات



شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی مووچەی مانگی 9 لە بە‌غدایە، سبەی سێ شەممە کۆبوونەوەیەکی دیکە دەكرێت و دوایین بڕیاری لەبارەوە دەدرێت و لەحاڵەتی ڕازی نەبوونی دارایی عێراق بۆ ناردنی پارەی دیكە، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دوابڕیار دەدات.

بەپێی زانیارییەكان، لە ئێستادا ئەو پارەیەی لە بەردەستی حكومەتی هەرێمە بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 9، كە بڕەكەی 769 ملیار دینارە ڕەوانەی بانكەكان كراوە وەك ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی مووچە، بەڵام دارایی هەرێم چاوەڕێی دارایی عێراقە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە.

تا ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی نزیكەی 230 ملیار دینار كورتهێنانی هەیە بۆ دابەشكردنی مووچە و بۆ ئەوەش چاوەڕێی بڕیاری محەمەد شیاع سودانی و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە تا بڕیارە لە پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە بدات.

سبەی سێ شەممە کۆبوونەوەیەکی دیکەی شاندی هەرێم و عێراق دەكرێت، دواتر کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێت و ئەگەر تاوەکو ئەوکات یەکلایی نەکرێتەوە، پرسەکە دەخرێتە بەردەم سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سودانی و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.

بەشێك لە میدیاكان بڵاویانكردۆتەوە، “ئەگەر تاوەکو سبەی ئێوارە حکومەتی عێراق بڕیاری پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە نەدات و پارە نەنێرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچە بڵاودەکاتەوە و بە داهاتی ناوخۆ کورتهێنان پڕدەکاتەوە”.

كەناڵی (ئاڤا) بڵاویكردۆتەوە، “بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاسپێردراون ئەگەر تاوەکو سبەی ئێوارە پارە لە بەغداوە نەنێردرا، ڕۆژی چوار شەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 9 بکەن، لە ماوەی چوار ڕۆژدا و تاوەکو ڕۆژی شەممە، کە دەکاتە ڕۆژێک پێش هەڵبژاردن، سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە مانگەكانی ڕابردوودا لەكاتی دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە بەهۆی كورتهێنانەوە، بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ڕایاندەگەیاند، كە “پارەی داهاتی ناوخۆ بەشی پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە ناكات” بۆیە بەردەوام دابەشكردنی مووچە دوادەكەوت، بەڵام لە ئێستادا كە هەڵبژاردن نزیك بۆتەوە دەوترێت “بەداهاتی ناوخۆ كورتهێنان پڕدەكرێتەوە”.

سەرما و باران بارین هەرێم دەگرێتەوە
پێت سەرما و باران بارین هەرێم دەگرێتەوە
ئاگرە “گەورە”كەی سلێمانی كۆنتڕۆڵ كرا
دوات ئاگرە “گەورە”كەی سلێمانی كۆنتڕۆڵ كرا
پەیوەندیدار