بەبڕیاری وەزیری پەروەردەی هەرێم بۆ ماوەی هەفتەیەك لە ١٥ی ئەم مانگەوە تا ٢١ ی مانگ پشووی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنە، بەحکومی و ناحکومی و نێودەوڵەتیەکانیشەوە و ٢٢ ی ١٠ دەوامی ئاسایی هەموو ناوەندەکانی خوێندن دەستپێدەکاتەوە.
بەپێی گشتاندنێكی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، كە واژۆی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە، لە سبەینێوە سێ شەممە 15ی ئۆكتۆبەر لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندنی حكومی و ئەهلی دەكرێتە پشووی فەرمی.
وەك لە بڕیارەكەدا هاتووە، بە مەبەستی پاڵپشتی كردنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ئەو ماوەیە كراوە بە پشوو، بەڵام لە ڕۆژی سێ شەممە 22ی ئۆكتۆبەر دەوام دەست پێدەكاتەوە.
لای خۆشیەوە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردۆتەوە، لەسەرجەم ناوەندەكانی خوێندن لە 15 بۆ 21ی ئۆكتۆبەر دەكرێتە پشووی فەرمی.
بەپێی بڕیاری حكومەتی هەرێم، ڕۆژی یەك شەممە 20ی ئۆكتۆبەر، كە ڕۆژی دەنگدانە بۆ پەرلەمانی كوردستان بۆ سەرجەم فەرمانبەرانیش دەكرێتە پشوو.
بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) بڕیارە ڕۆژی دوای دەنگدانیش، كە دەكاتە دوو شەممە 21ی ئۆكتۆبەر لە سەرجەم فەرمانگەكان بكرێتە پشوو بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری كارمەندانی سەر سندوقی دەنگدان پێكهاتوون لە فەرمانبەران و مامۆستایان و بەهۆی ئەوەی تا نیوەشەوی درەنگ لە ناوەندەكانی دەنگدان دەمێننەوە، ڕۆژی دواتریش دەكرێتە پشوو.
بۆ بەدواداچوونی زیاتر (خەڵك) پەیوەندی كرد بە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، بەڵام پەیوەندییەكەی بەردەست نەبوو.