قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لە درێژەی کۆبوونەوەکانی لە ئیدارەی راپەڕین، لەگەڵ ئەندامانی بازنەی وەرزشی کەمپینی هەڵبژاردنی یەکێتی لە ئیدارەی راپەڕین کۆبووەوە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، بە وردی ئاگاداری کێشە و گرفتەکانی کەرتی وەرزش و وەرزشوانانن، سەرباری ئەوەی کە وەک حکومەت بە گشتی کەمتەرخەمی هەبووە بەرامبەر بە کەرتی وەرزش، بەڵام بەو حاڵەشەوە لەو یارمەتیدان و بودجە کەمەی بۆ وەرزش تەرخان کراوە، جیاکارییەکی زۆر کراوە لەنێوان شار و ناوچە جیاوازەکاندا و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان پەراوێزخراون.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم یەکێتییەی ئێستا جگە لەوەی دەیەوێت کۆتایی بەم جیاکارییە بهێنێت، بەرنامە و پلانیشی هەیە بۆ پێشخستنی کەرتی وەرزشی کوردستان، ئەویش بە پیشەیی کردنی وەرزش و بەهێزکردنی خولە وەرزشییەکانە.
قوباد تاڵەبانی جەختیشیکردەوە، هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا چارەنووسسازە، چونکە کاتی گۆڕانکاریی ریشەیی لە شێوازی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان هاتووە و تەنها لایەنێکیش کە توانای راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی هەیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
جەختیشیکردەوە، یەکێتی بۆردێکی تایبەتی بۆ پشتیوانیکردن و پێشخستنی کەرتی وەرزش پێكهێناوە و خۆشی ئەندامی بۆردەکەیە، وەک چۆن لە ماوەی رابردوودا بڕیاریاندا بڕی زیاتر لە سێ ملیارد دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگاکان و دابینکردنی پێداویستی بۆ یاریگاکان تەرخان بکەن، لە داهاتووشدا یەکێتی بە هەموو تواناوە بەردەوام دەبێت لە پێشخستنی کەرتی وەرزشی کوردستان.