شەڕ لەنێوان هێزە كوردییەكان و سووپای ڕژێمی سووریا لەگەڵ گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕووی دا.
ڕووانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، لە نیوەی شەوی ڕابردوودا بەچەكی قورس و مامناوەند پێكدادان لە نێوان هێزە كوردییەكان و هێزەكانی ڕژێمی سووریا لەگەڵ گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای سەر بە توركیا لە ناوچەی شێراوای عەفرین لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕوویدا.
سەرچاوەكان دەڵێن، لە ئەو شەڕەدا زیانی مرۆیی لەنێوان هەردوولایەنی شەڕەكەدا هەیە، بەڵام وردەكاری بڵاونەكراوەتەوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، شەش كەس لە هێزەكانی ڕژێمی سووریا كوژراون و برینداربوون، كە كوژرانی چوار كەس پشتڕاست كراوەتەوە.
ڕوانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەدا، سەرەتا گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای سەر بە توركیا هێرشیانكردووە بۆ سەر پێگەكانی سووپای ڕژێمی سووریا.