جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا رەتیدەکاتەوە کە دانا ئەحمەد مەجید رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بێت و دەڵێت، دانا ئەحمەد مەجید بە هیچ شێوەیەک رێکخەری گشتی نییە و هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بە دەنگدانی نهێنی ئەنجام ئەدرێ، نەک بە دەست هەڵبڕین”.
جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەهۆی بەردەوامبون لە لادان و پێشێلکاری دەستوری و قانونی، لە بەکارهێنانی ناوی بزوتنەوەی گۆڕان، بە تایبەت جڤاتی نیشتیمانی، بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ساختە بۆ رێکخەری گشتی، ئەم حەقیقەتە بەڵگەنەویستانە بۆ هەموان ئەخەینەڕو.
دەشڵێت:”هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەستوری ناوخۆ رون و رەوان دیاری کردوە، ژوری هەڵبژاردن رۆژی هەڵبژاردن دیاری ئەکات، ماوەی خۆ کاندیدکردن رادەگەیەنرێ، ژوری یاسایی کاندیدەکان پەسەند ئەکات و لە دەنگدانی نهێنیدا بە ئامادەبونی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجام ئەدرێ، نەک بە دەست هەڵبڕین!”.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، هەر کات هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بەپێی دەستور و بەشێوەیەکی قانونی ئەنجام درا بۆ هەموو پێگەکان زیاتر لە کاندیدێک هەیە بە تایبەت رێکخەری گشتی.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە “دانا ئەحمەد مەجید بە هیچ شێوەیەک رێکخەری گشتی نییە چ بە وەکالەت بێت یان لە ژێر هەر ناوێکی تری ناقانونی و داتاشراودا، لە (بە ناو) کۆبونەوەی (بەناو) جڤاتی نیشتیمانی لە رۆژی چوار شەممە 9ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ لە فەزاحەتێکدا باسی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیان کردووە لە رێگەی دەست هەڵبڕینەوە! لەو کۆبونەوەدا تەنیا 11 کەسیان لە کۆی 32 ئەندامی هەڵبژێردراو لە جڤاتی نیشتیمانین”.
ئاماژەبەوەشکراوە:”هەڕەشەکردن و پەلاماردانی هەڵسوڕاوی دیار و ئەندامی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان هۆشیار ئیسماعیل علی ناسراو بە هۆشیار شێرکاوەیی لەلایەن زانا دانا ئەحمەد مەجید کە سنوری ئەخلاق و قانونی بەزاندووە قبوڵ کراو نیە، کردەوەیەکی قێزەونە، نامۆیە بە هەموو ئامانجەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، پشتیوانی تەواوی خۆی و خێزانە بەڕێزەکەی دەکەین، ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر هەڕەشە و چاوسورکردنەوە دژی بنەما ئاکارییەکانی کوردبون و گۆڕان بونن، تەنیا نەفرەتی خەڵک و گۆڕانخوازانیان بۆ ئەمێنێتەوە”.
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا دەڵێت، “جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردانە، پێویستە تەواوی هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان پابەندی دەستور و جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوبن”.