لاهور شێخ جەنگی: ناكۆكی یەکێتی و پارتی لەسەر قوتی خەڵک نییە لەسەر گیرفانی خۆیانە



سەرۆکی بەرەی گەل ڕایدەگەیەنێت، هەرگیز یەکێتی و پارتی ناکۆکیان لەسەر قوتی خەڵک نەبووە، ئەگەر ناکۆکیان هەبێت بۆ پلە و پۆستە، لەسەر گەورەیی و بچووکی گیرفانی خۆیان ناکۆکن.

لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل لە وتاری بانگەشەی لیستی حزبەكەی لە هەولێر ڕایگەیاند، هەولێر شاری هەمووانە نەک حزبێک، ناتوانن تاسەر تاپۆی هەولێر بە حزبی بکەن، چونکە تاپۆکەی نیشتیمانییە، ئەم شارە سیمبولی ئاشتی و پێکەوەژیانە و لە دیدی ئێمەدا شادەماری هەبوون و خۆڕاگریی گەلەکەمانە.

ڕاشیگەیاند، “دەبێت لەو ڕاستییە مەترسیدارە ئاگاداربن، ئەوان لە حکومڕانیدا بمێننەوە، چاوەروانی هێرشی درۆن وئاژاوەی زیاتر بن، بۆیە دەبێت سزا بدرێن لەسەر ئەوەی ئارامی ئەم هەرێمەیان بە کلکایەتی بۆ وڵاتانی دراوسێ تێکداوە، هەر وەک چۆن مووچەی ئێوەشیان بۆ گیرفانی خۆیان، خستووەتە گەرووی نەهەنگەوە.”

لاهور شێخ جەنگی وتیشی، “بە پشتیوانی ئێوە و هەموو خەڵکی کوردستان بۆ بەرەی گەل، دەتوانین دژی ئەمانە بوەستینەوە.”

ئاماژەی بەوەشكرد، “ڕووبەرووبوونەوە و ململانێی ئەم دوو حزبە تەنها و تەنها بە ئێمەی بەرەی گەل دەکرێت. بەو هاوکێشە ڕوونەی خوارەوە دەکرێت، کە وتوومانە دیموکراسی بەرامبەر دیموکراسی، هێز بەرامبەر هێز.”

جەختیشی کردەوە، “دەبێت هەولێر لە دەستی بنەماڵە سیاسی و تاڵانچییەکانی پارتی و یەکێتی وەربگیرێتەوە. ئەوانەی مێژوو و زمانی نەتەوەکەی خۆیان بەباشی نازانن هەرگیز ناتوانن لە هەولێر تێبگەن. ئەوانەی لەسەر حسابی خەڵکی هەژار و شۆڕشگێڕی هەولێر نەخۆشخانەی تایبەت و بازاڕ و دەیان کۆمپانیایان هەیە ناتوانن باسی وەرگرتنەوەی شارەکە بکەن. هەولێر لای ئەوان بازرگانی و گیرفانە لای ئێمە ماڵ و ژیان و نیشتمانە.”

وتیشی، “ئەوانەی هه‌ولێریان بە دەبابەكانی بەعس داگیركرد، ناتوانن بیكەنە موڵكی خۆیان و باوه‌ڕ بە شەڕی میدیایی درۆینەی نێوان یەكێتی و پارتی مەكەن”.

نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی: تەنیا پارتی لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەوەستێت
پێت نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی: تەنیا پارتی لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەوەستێت
بافڵ تاڵەبانی: دەمانەوێت ڕەوشتی كۆمەڵگەكەمان بپارێزین
دوات بافڵ تاڵەبانی: دەمانەوێت ڕەوشتی كۆمەڵگەكەمان بپارێزین
پەیوەندیدار