لە ئاكامی پێكدادانی دوو شەمەندەفەر لە مەكسیك كەسێك گیانی لەدەست دا و ٥٧ی دیكەش برینداربوون.
پێكدادانی دوو شەمەندەفەر لە مەكسیكۆ ستی پایتەختی مەكسیك، گیانلەدەستدانی كەسێك و برینداربوونی ٥٧ دیكەی لێكەوتەوە.
بەرپرسانی وڵاتەكە باسیان لەوە كرد كە دوو شەمەندەفەر لەنێوان وێستگەكانی لا رازا و پۆترێرۆ كە سێیەمین هێڵی میترۆی پایتەختە، بەیەكیاندا داوە.
لە رووداوەكەدا، كەسێك گیانی لەدەستداوە و ٥٧ كەسیش برینداربوون، دوا بە دوای رووداوەكەش ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن و تیمی ئاگركوژێنەوە رەوانەی شوێنی رووداوەكە كراون.
وەزیری ئاسایش لە مەكسیكۆ ستی، عومەر گارسیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاویكردەوە كە پرۆسەی گەڕان و رزگاركردن بێ وەستان درێژەیان هەیە و زانیاری نوێ لەبارەی رەوشی بریندارەكان دەخەنەڕوو.
هاوكات بەهۆی رووداوەكەوە، گەشتی میترۆ راگیراوە و داواكاری گشتیی دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە.
سەرۆكی مەكسیك، ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر نیگەرانی خۆی نیشان دا لەبارەی گیانلەدەستدانی كەسێك بەو رووداوە و رایگەیاند: ”بەپێی ئەو زانیارییەی بە من دراوە، بەداخەوە یەك كەس گیانی لەدەستداوە و ژمارەیەكی زۆر بریندار هەن. پرسە و سەرەخۆشی رادەگەیەنم”.
دوایین جار لە ئایاری ٢٠٢١دا بوو كە رووداوی میترۆ لەو وڵاتە روویدا و بەهۆیەوە، ٢٦ كەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ٦٠ كەسیش برینداربوون.