وەزارەتی خوێندنی باڵای حوکومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەی دوو هەفتە کات دەدات بە خوێندکارانی دەرەوە، تا بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و بەشداری لەدەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
ئەمرۆ دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە نوسراوێکی فەرمی ڕایگەیاند، ئەو خوێندکارانەی کە لە دەرەوەی هەرێمی کورستانن بە مەبەستی خوێندنی باڵای بەکالۆرۆس، دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا، دەتوانن بۆ ماوەی دوو هەفتە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
بە پێی بڕیارەکە خوێندکاران-قوتابیانی دەرەوەی وڵات لە رێکەوتی (12-25/ 10/ 2024) واتە بۆ ماوەی دوو هەفتە مۆڵەتیان هەیە.
بڕیارە 20ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، دوو رۆژ پێش ئەو وادەیەش، لە 18ی مانگ دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.
کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 کەسە؛ لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.