عێراق ملیۆن و نیوێک تۆن گەنمی زیادە کە ناتوانێت هەڵیبگرێت، بە زیانی نیو ملیار دۆلار دەفرۆشێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاژانسی رۆیتەرز زیانێکی ئاشکرا کرد کە ڕەنگە حکومەتی عێراق بە بڕی نیو ملیۆن دۆلار تووشی ببێت، ئەویش بەهۆی بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆر لە گەنم زیاتر لەوەی پێویستە، لەگەڵ نەبوونی شوێنی هەڵگرتنی، کە پاڵ بە حکومەتەوە دەنێت گەنم بە نرخێکی کەم بە خاوەن ئاشەکان بفرۆشێت.
عادل موختار، ڕاوێژکاری پێشووی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، “ئەمە پلانێکی خراپە چونکە زیاتر لەوەی پێویستمانە بەرهەم دەهێنین، ئەمەش دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ئاو و سەرچاوەکانی تری کشتوکاڵ”.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو زیادەیەی لە بەرهەمی گەنمدا کە بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن بووە، لە ئەنجامی بارانبارین و فراوانبوونی کشتوکاڵدا بەرهەم هاتووە، چونکە حوکومەتی عێراق بۆ پاڵپشتی زیاتری جوتیاران دوو ئەوەندەی نرخی بازاڕی جیهانی دەداتە جووتیاران بۆ هاندانی چاندنی گەنم.
بەپێی ئەو ئامارەی ڕۆیتەرز حکومەت زیانی 458.37 ملیۆن دۆلاری دەبێت، بەو پێیەی حکومەت تەنێک گەنم لە جووتیاران بە 850 هەزار دینار دەکڕێت، بەڵام نرخی تەنێک دەداتە بە خاوەن ئاشەکان بە 450 هەزار دینار، و لەوانەیە ئەم نرخە جارێکی دیکەش کەم بکرێتەوە.
عێراق ساڵانە پێویستی بە نێوان 4.5 بۆ 5 ملیۆن تۆن گەنم هەیە، بەڵام ئەمساڵ زیاتر لە 6 ملیۆن تەنی بەرهەمی هێناوە و زیادەڕۆییەکەی بەبڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن بووە.