محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، قەزیەی كرد لەوەی فەڵەستین گەورەترە و ئێمە گەورەترین نەتەوەین لە دنیادا كە دەوڵهتمان نیە و دەشڵێت: پێویستە گرنگی بە كشتوكاڵ بدرێت و نابێت لە ئوسترالیا كەنغەرێك مرداربێتە، كەچی گۆشت لە كەلار گران بێت.
محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ چوار شەممە لە كەرنەڤالی لیستەكەیان لە كەلار ڕایگەیاند، “ناوچەكە بەگشتی لە شەڕیكی گەرمدایە و هەڵبژاردنی ئەمجارەش گرنگیەكی تایبەتی هەیە، بۆ ئەمجارە پەرلەمانێكی ئازامان دەوێت.
وتیشی، “بەغدا پەرلەمانەكەی ئێمەی هەڵوەشاندوەتەوە، بۆیە پێویستە هەموو كەسێك بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان، چونە سەر سندوقەكانی دەنگدان ئەركێكی نیشتیمانیە و گەڕانەوەی شەرعیەتە بۆ پەرلەمان، گەڕانەوەی شەرعەیەتە بۆ سەرۆكایەتی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “زیاتر لە 33 ساڵە حكومەت و پەرلەمانمان هەیە بەڵام دەستورێكمان نیە، دەستور مەرجەعیەتە و بۆ میللەتەكەمان گرنگە، پێوستیە بۆ ڕێكخستنەوەی هەموو كاروبارەكان”.
سەبارەت بە بەرنامەی حزبەكەی ڕایگەیاند، “پێویستە گرنگی بە كشتوكاڵ بدرێت و نابێت لە ئوسترالیا كەنغەرێك مرداربێتە، كەچی گۆشت لە كەلار گران بێت، هەروەها سیستەمێكی خوێندنی سەقەتمان هەیە و پێویستە پێداچوونەوە بە سیتەمی پەروەردە و خوێندا بكرێت و گرنگیەكی تایبەت بە كەرتی تەندروستی بدرێت”.
محەمەدی حاجی مەحمود وتی، “قەزیەی كورد لەوەی فەڵەستین گەورەترە، ئەوان قەبارە و ژمارەیان هێندەی سلێمانی نابێت و لە 1938ەوە خەبات دەكەن، بەڵام ئێمە لە مێژە لە خەباتداین و گەورەترین نەتەوەین لە دنیادا كە دەوڵهتمان نیە”.