ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بۆ دەسەڵاتداران: لەناو خۆتاندا شەڕتانە لەسەر كولێرە و كورسی



ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان پەیامێکی ئاڕاستەی پارتی و یەکێتی کرد و رایگەیاند، چەندین ساڵە هەڵبژێردراون و مۆڵەتدراون، وامانزانی دڵسۆزی دەكەن، بەڵام سەرەنجام ئەوەبوو كە ئێستا هەن و وڵاتتان دابەش كرد، خۆتان دابڕیوە لە هەموو دنیا و لەناو خۆتاندا شەڕتانە لەسەر كولێرە و كورسی و میللەتان دابەشكردووە و ناعەدالەتی پەرەی سەندووە.

ئەمڕۆ سێشەمە ٨/١٠/٢٠٢٤، مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، بە یاوەری ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی و ئەنجومەنی جێبەجێكردن و سەرۆكی لیستی ١٤٨ و ژمارەیەك لە پاڵێوراوانی بازنەی سلێمانی، لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ ڕێكخستنەكانی كەلار و دەربەندیخان كۆبوویەوە و لەدیدارێكدا لەگەڵ ڕێكخستنەكانی ئەو دەڤەرە، پەیامێكی ئاڕاستەی دەسەڵاتداران كرد و ڕایگەیاند: ئەوە چەندین ساڵە هەڵبژێردراون و مۆڵەتدراون، وامانزانی دڵسۆزی دەكەن، بەڵام سەرەنجام ئەوەبوو كە ئێستا هەن و وڵاتتان دابەش كرد، خۆتان دابڕیوە لە هەموو دنیا و لەناو خۆتاندا شەڕتانە لەسەر كولێرە و كورسی و میللەتان دابەشكردووە و ناعەدالەتی پەرەی سەندووە لە هەموو كایەكانداو گەنج ئاوارە بووە و ئاوارە ئەكرێت و چەندین كەموكوڕی دیكە بەرۆكی كۆمەڵگەی گرتووە.

وتیشی: لەپاش ٣٠ ساڵ لە حوكمڕانیتان بەداخەوە ئەم هەموو سامان و سەروەتە سروشتیەی كە هەیە بەهەدەر دراوە و ناتوانن ئاوی پاك و كارەبا و نەوت “كە هەموو كوردستان نەوتە” دابین بكەن، زستان بە سەرما و هاوین بە گەرما خەڵكی تووشی نارەحەتی ئەكەن، لەدوای ١٠٠ساڵ لە قوربانی گەلەكەمان كە هاتنە خوارەوە لە شاخ میللەت چاوەرێی خۆشگوزەرانی بوو، بەڵام پێچەوانەكەی دەرچوو.

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ڕاشیگەیاند: ئێمە وەكوو یەكگرتوو ئەركمان ئەوەیە خوا لە خۆمان رازی بكەین و خزمەتكاری خەڵك بین، مێژووی 30 ساڵی خەبات و كارمان لەخزمەتی گەلەكەمان شاهیدە بۆ ئەوەی هەر بەڵێنێكمان دابێت جێبەجێمان كردووە و حزب و خەڵكی خۆمان كردە قوربانی بۆ ئەوەی پاڵپشتی لە ستەمكاران نەكەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، نوێنەرەكانی ئێمە لە رابردوو سەلماندیان دڵسۆزانە و چاونەترسانەو بوێرانە پۆست و پلە دەكەنە قوربانی خەڵك، بۆ ئەم خولەش ئەو پۆلە پاڵێوراوەی كە هەڵمانبژاردوون ئومێدی گەورەمان پێیانە كە پەرلەمان بكەنە مینبەری داكۆكی لە مافی هاووڵاتییان بەگشتی و هەژار و نەداران بەتایبەتی، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و گەرمیانییەكان بەتایبەتی ئەكەین بۆ گەراندنەوەی مافەكانتان و داكۆكی لە داواكارییەكانتان دەنگ بە لیستی ژمارە ١٤٨ی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بدەن.

دەشڵێت:خەڵك رازی كردن مەنهەج نییە خزمەت بە خەڵك مەنهەجی ئێمەیە،لەساڵی ١٩٨٨ەوە تاوەكو ئەمڕۆ بێباوكان بەخێو ئەكەین كێ ئەم ئیشە گەورانەی كرد؟ كێ داهێنەری ئەم خزمەتە گەورە و پیرۆزانە بوو؟؟ بەدڵنیاییەوە یەكگرتوو بوو….. ئەوانەشی پەروەردەمان كردن تەمەنیان گەیشتووەتە ٤٠ ساڵ لەكەسمان نەپرسی سەر بە كێن و لە چ بنەماڵەیەكن و لە چ لایەنێكن..

شارەوانیی هەولێر کارتی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بڵاوکردەوە
پێت شارەوانیی هەولێر کارتی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بڵاوکردەوە
دانا ئەحمەد مەجید: بازاڕ و كاسبكاران و دۆخی بژێوی و ئارامی كاركردنیان بەشێكی گرنگە لە ستراتیجی بزوتنەوەی گۆڕان
دوات دانا ئەحمەد مەجید: بازاڕ و كاسبكاران و دۆخی بژێوی و ئارامی كاركردنیان بەشێكی گرنگە لە ستراتیجی بزوتنەوەی گۆڕان
پەیوەنیدر