دانیشتوانی پێنجوێن هۆشداری دەدەنە بەرپرسانی ئیدارەی سنوورەکە داواش لە هاووڵاتییان دەکەن کە چیتر لە داوای مافەکانی خۆیان بێدەنگ نەبن و هەمووان بێ جیاوازی هەڵوێست بنوێنن و لەسەر پێ بن!.
دانیشتوانی سنوری قەزای پێنجوێن سەبارەت بە کێشەی کارەبا و کەمتەرخەمی بەرپرسانی ئیدارەی پێنجوێن هۆشداری دەدەن و دەڵێن:” زیاتر لە هەشت ساڵە قەزای پێنجوێن، لە هەموو ڕوویەکەوە، بە تایبەت لە بابی (خزمەتگوزاریی گشتی و سەرەتایی) پەراوێز خراوە”.
ئەو هاووڵاتییانە دەشڵێن، تا ئێستاش خەڵک بەگشتی نەرمی نواندووە و وەک پێویست داوای کۆی مافەکانی خۆی نەکردووە. بەڵام چیتر ئەو بێدەنگییە دەشکێنین، چونکە لەماوەی ئەم هەشت ساڵەدا دەرفەتی زۆر بە ئێوە درا، بۆ خزمەتگوزارییە ژیانی و ژینگەیی و پێداویستییەکانی خەڵکی هێز و دەسەڵاتی ئیداریی و حکومی خۆتان بخەنە گەڕ، بەڵام بەداخەوە نەک هیچتان نەکرد کە پێتان دەکرا !! بەڵکوو زۆرجاریش بچووکترین کێشەی ئەم قەزایەتان پێ چارەسەر نەکراوە.
دەشڵێن، هەر گرفتێکی هەنووکەیی هەبووبێت، خەڵک لە ڕێگەی (خۆپیشاندانی ملەکەوە) فشاری کردووە و مافەکانی دەستەبەر بووە، دواین گرفتیش (دابین نەکردنی بەرمیلی دووەمی نەوت و کوژاندنەوەی کارەبای پێنجوێن)ـە! کە ئەم دوو مافە زۆر سادە و هەنووکەین لەچاو ئەو هەموو پەراوێزخستن و کەمتەرخەمیی و بەرکاهێنانی پێگە و دەسەڵاتەکانتان بۆ بابەتی شەخسی…مشتێکە لە خەروارێک!.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەم شارە لە ڕووی (کارەبا، شارەوانی، ئاو، کشتوکاڵ، ژینگە و دارستان، هاتوچۆ و… لەسەروو هەموویەوە یەکەی ئیداری شارەکە!) گرفتی زۆر گەورەی هەیە، کەمتەرخەمی تا سەر ئێسقان دایڕزاندوون!، جا ئەگەر ئێوە خۆتان بە دڵسۆز و بەرپرسیار دەزانن، وەک دواین دەرفەت تا ڕۆژی (سێشەممە ١٠ی١) بە دامودەزگاکانی قەزای پێنجوێن و سەرجەم ئەوانی دیکە و لایەنە حیزبییەکانیش پێکەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، ئەگەرنا (دەست لەکارکێشانەوەی ئێوە) لەپاڵ چاککردنی کارەبا دەکەینە داواکاری سەرەکی لە خۆپیشاندانێکی جدی و جەماوەری گەورەدا لە (ڕۆژی چوارشەممە)ی ئەم هەفتەیەدا.
ئەو گروپە داوا لە هاووڵاتییانی پێنجوێن دەکەن و ئاماژەبەوەدەکەن:”هەر لە ئێستاوە داوا لە تاکبەتاکی خەڵکی پێنجوێن دەکەین، چیتر لە داوای مافەکانی خۆتان خۆ مەبوێرن و شانبەشانی ئێمە هەمووان بێ جیاوازی هەڵوێست بنوێنن و لەسەر پێ بن!”.