ئەو بەرزبوونەوە لەناكاوەی لە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار ڕوویدا لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەهۆی مەترسی هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران، جارێكی دیكە بەهای ئەو دراوە بیانییە دابەزییەوە.
لەدوای هێرشە مووشەكییەكەی هەفتەی ڕابردووی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل، بەهای دۆلار ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد و دواتریش بەهۆی هەڕەشەكانی ئیسڕائیلەوە نرخەكەی زیاتر بەرزبووەوە و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتە 156 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، نرخی دۆلار زیاتر ڕووی لە دابەزین كردووە و لە ئێوارەی دوێنێوە بە چەند قۆناغێك بەهاكەی دابەزیوەتەوە.
ڕاشیگەیاند، دوای ئەوەی بەهای 100 دۆلار گەیشتە 156 هەزار دینار، ئێوارەی دوێنێ دابەزی بۆ 154 هەزار دینار و ئەمڕۆش لەكاتی كردنەوەی بازاڕ تا داخستنی لە ئێوارەدا زیاتر دابەزی و ئێستا بە 153 هەزار دینارە.
ئەم دابەزینەی نرخی دۆلار پەیوەندی بەوەوە هەیە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا جیهان چاوەڕوانی ئەوەبوو ئیسڕائیل وەڵامی هێرشەکەی ئێوارەی 1ی ئۆکتۆبەری ئێران بداتەوە کە کردیەسەر تەلئەبیب، بەڵام تائێستا ئیسرائیل هیچ هێرشێکی نەکردووەتە سەر ئێران، بەوهۆیەوە مەترسییەکان کەمبوونەتەوە و کاریگەری لەسەر نرخی دۆلاریش کەمبووەتەوە و ئەگەر لەم چەند ڕۆژەدا ئیسرائیل هێرش نەکات نرخی دۆلار زیاتر دادەبەزێت.
لای خۆشیەوە، جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕای دراو لە سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، كە پەیامنێری (خەڵك) ئامادەی بوو ڕایگەیاند، جگە لە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیادبوونێکی نا سروشتی خواست بۆ دۆلار لە بازاڕەکاندا دروست بووە و ئەویش بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری لێکەوتووەتەوە.
وتیشی: “گروپە چەکدارە شیعەکان بە هۆکارێکی نادیار خواستێکی زۆریان لەسەر دۆلار دروستکردووە، بەلام بەهاكەی دادەبەزێتەوە”.