ئەمینداری یەكگرتوو: میللەتەكەمان 100 ساڵە قوربانی بۆ ئەوە نەداوە ئەمە پاداشتەكەی بێت



ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە هەرێم موخالەفاكارانی دەسەڵاتداران یان لە زیندانن، یان وڵات جێدەهێڵن، یان بە خیانەتكار ئەناسێنرێن و دەشڵێت: حكومەتی هەرێم ئیئتلافییە ناوەڕۆك یەك حزبییە، ناو یەك هەرێمە ناوەڕۆك سێ پارچەیە.

نیوەرۆی ئەمڕۆ سێ شەممە ٨/١٠/٢٠٢٤، سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، بە یاوەری ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی و ئەنجومەنی جێبەجێكردن و سەرۆكی لیستی حزبەكەی و ژمارەیەك لە پاڵێوراوانی بازنەی سلێمانی، سەردانی گەرمیانی كرد و لەمیانەی پێشكەشكردنی وتەیەك بۆ بەشێك لە زانایانی ئایینی و كەسایەتییە دیارەكانی دەڤەرەكە، ڕایگەیاند، جێگەی داخە لە پاش ٣٣ ساڵ موخالەفاكارانی دەسەڵاتداران یان لە زیندانن، یان وڵات جێدەهێڵن، یان بە خیانەتكار ئەناسێنرێن.

وتیشی: میللەتی ئێمە شایانی ئەوە نییە، سەد ساڵە خوێن و قوربانی بۆ ئەوە نەداوە كە ئەمە پاداشتەكەی بێت!! لە پاش ٣٣ساڵ لە حوكمڕانی تازە گەڕاوینەتەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس و لە فەرمانگە و دائیرە حكومییەكاندا (ضابط أمن) هەیە، كەسێك حزبی نەبێت ناتوانێ ببێتە كاربەدەستی حكومی لە هەردوو دەڤەرەكە.

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەكرد، لە هەموو دنیا حكومەتی كاربەڕێكەر لە 60 ڕۆژ تێپەڕ ناكات، لەهەرێمی كوردستان دوو ساڵە حكومەت كاربەڕێكەرە. دۆخەكە وایلێهاتووە ناو دیموكراسییە و ناوەڕۆك دیكتاتۆرییە، ناو حكومەتی ئیئتلافییە ناوەرۆك یەك حزبییە، ناو یەك هەرێمە ناوەڕۆك سێ پارچەیە.

وتیشی، “ئەم وێستگەیە، وێستگەیەكی گرنگە و ئەركی هەمووانە، پێویستە دۆخەكە ڕاست بكەینەوە بۆ ئەو مەبەستە پێویستمان بە هاوكاری جددی هاووڵاتیانی هەرێم بە گشتی و زانایانی ئایینی بەتایبەتی هەیە، چونكە لە رابردوو و ئێستاشی لەگەڵدا بێت زانایانی ئایینی سەرمەشقی شۆڕش و گۆڕانكارییەكان بوون لە كوردستاندا، بۆیە ئەركی سەرەكییان هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیانە لەو زوڵم و ستەمەی كە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەماوەی ڕابردوو دەرهەق بەم میللەتە بەشخوراوە ئەنجامیانداوە، بۆ ئەوەی حوكمڕانی ڕاست بكەینەوە و ئازادی ڕادەربرین بە خیانەت وەسف نەكرێت و چاكسازی تەواو بكەین لە جومگەكانی دەسەڵات.

 

د. عەبدوللەتیف: ئەو کارەساتەی بەسەر فەلەستین هات لە ڕوانگەی شەرع و عەقڵ کارێکی هەڵەبوو
پێت د. عەبدوللەتیف: ئەو کارەساتەی بەسەر فەلەستین هات لە ڕوانگەی شەرع و عەقڵ کارێکی هەڵەبوو
لە هەولێرەوە نزیكەی ٤٠٠ ئاوارە گەڕانەوە ناوچەكانی خۆیان
دوات لە هەولێرەوە نزیكەی ٤٠٠ ئاوارە گەڕانەوە ناوچەكانی خۆیان
پەیوەندیدار