نوێترین زانیاری دەربارەی پڕۆژەی ستراتیژییەکەی چەمچەماڵ ئاشکرا کرا



وەزارەتی شارەوانی رایگەیاند، كاركردن لە گەورەپڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ بەردەوامە، تا ئێستا دیزاینی پڕۆژەكە تەواو بووە و كار لە كۆنكرێتكردنی خەزانەكان و خۆڵكاری و ئامادەكاری بۆ ڕاكێشانی هێڵی كارەباكەی دەكرێت و بۆرییەكانیشی گەیشتوونەتە سەر پڕۆژەكە.

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاند، بەپێی ڕاپۆرتێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە ڕۆژی دەستبەكاربوونی پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ لە 12/8/2024ەوە تاوەكوو ئێستا، كاركردن لە پڕۆژەكەدا زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت بە جۆرێك كە كاری ڕووپێوی بە ڕێژەی 90% تەواو كراوە و پشكنینی خاك بە ڕێژەی 100% تەواو كراوە.

هەروەها دیزاینی هەردوو حەوزی ئاغجەلەر و تەكیە و كۆنكرێتكردنی بناغەی شیشداری حەوزی 1000م3ی ئاغجەلەر تەواو بوون. بەستنی شیشكاری حەوزی 1000م3 ئاغجەلەر تەواو بووە و ئێستا ئامادەكراوە بۆ كۆنكرێتكردن، هەڵكەندن و كۆنكرێتكردنی حەوزی تەكیە تەواو بووە و هەڵكەندنی حەوزی 15000م3 دەستیپێكردووە و دیزاینی 28كم لە هێڵی ناقلی ئاو لە قۆناغی كاركردندایە.

پڕۆژەكە چەمچەماڵ و دەوروبەری لە كێشەی كەمئاوی ڕزگاریان دەبێت

بەگوێرەی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ كە سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكات، كاركردن لەو پڕۆژەیەدا بەشێوەیەكی گشتی، زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی هەرێمی كوردستان جدییە لە تەواوكردنی پڕۆژەكە لە وادەی خۆیدا بۆ ئەوەی دانیشتووانی سنووری چەمچەماڵ و دەوروبەری كە ساڵانێكە گرفتی كەمئاویان هەیە، لەو كێشە لەمێژینەیە ڕزگاریان ببێت و بە یەكجاری گرفتی كەمئاویان چارەسەر دەبێت.

پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ، پرۆژەیەكی ستراتیژیی كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی كوردستانە و بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە چەمچەماڵ و دەوروبەری، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت و گرێبەستەكەی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 24/6/2024 له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌لایه‌ن ساسان عەونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و كۆمپانیای هابیكا واژوو كرا، دواتر لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە فەرمانگەیەكی ئەندازیاری بۆ جێبەجێكردنی كارەكانی پرۆژەكە دامەزرێندرا.

گوژمەی پڕۆژەكە 114 ملیار دینارە

پڕۆژەی (دیزاین و جێبەجێكردن و كارپێكردن – ئاوی گۆپتەپە چەمچەماڵ)، گوژمەكەی (114,099,000,580)دینارە و لەلایەن حکومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێت، ماوەی تەواوبوونی 720 ڕۆژی بۆ دیاریكراوە، لە ڕۆژی 12/8/2024 دەستبەكارەكانی كراوە و لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی دەكرێت.

توانای به‌رهه‌مهێنانی 3400م3 ئاوی خواردنەوەی له‌ یه‌ك كاتژمێردا هه‌یه

ئەو پڕۆژەیە ئاوی خاوێن دەگەیەنێتە شاری چەمچەماڵ و ناحیە و گوندەكانی دەوروبەری، توانای به‌رهه‌مهێنانی 3400م3 ئاوی خواردنه‌وه‌ی له‌ یه‌ك كاتژمێردا هه‌یه‌ و زیاتر له‌ 480 هه‌زار كه‌سیش لێی سوودمه‌ند ده‌بن و كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌كی زۆر ئاو بۆ شاری سلێمانی له‌ پڕۆژه‌ی ئاوی دووكان بۆ سلێمانی ده‌بێت.

پڕۆژەكە چەندین تایبەتمەندی پێشكەوتووی هەیە

پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ چەندین پێكهاتەی گرنگی هەیە، لەوانە، ئاو لەسەر زێی بچووك لە شارەدێی گۆپتەپە وەردەگرێت و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەكانی پڕۆژەكە و پاشان بەسەر هاوبەشانی ئاودا دابەشی دەكات. هەروەها ژووری پەمپی ناوەند لە دووری 5كم لە گۆپتەپە. یەكەی پاككەرەوەی ئاو و ژووری پەمپی(1) لە شارەدێی ئاغجەلەر لەگەڵ حەوزی كۆنكرێتی 1000م3 لە شارەدێی ئاغجەلەر و ژووری پەمپی 2 لە گوندی قشڵاخ و حەوزی 5000م3 لە تەكیە و هێڵی ناقلی ئاو بە تیرەی 900ملم لە گوندی گۆپتەپە تا چەمچەماڵ بە درێژی 57كم. هێڵی گوێزەرەوەی كارەبا 33kv لە ئاغجەلەر بۆ گۆپتەپە و لە ئاغجەلەر بۆ تەكیە بە درێژی28كم لەگەڵ گۆڕەڕی كارەبا و چەندین تایبەتمەندی دیكەی پێشكەوتوو كە لە پڕۆژەكەدا جێبەجێ دەكرێن.

نرخی دۆلار دابەزی
پێت نرخی دۆلار دابەزی
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: عێراق لە بازنەی شەڕ دووردەخەینەوە
دوات وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: عێراق لە بازنەی شەڕ دووردەخەینەوە
پەیوەنیدر