وتەبێژی لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی تەوتین زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات و دەڵێت” هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کردنەوەی لقی بانکە فیدراڵیەکان لە هەرێمی کوردستان بە زووترین کات”.
کاروان گەزنەیی وتەبێژی لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی (بغداد الیوم) رایگەیاند، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کردنەوەی لقی بانکە فیدراڵیەکان لە هەرێمی کوردستان بە زووترین کات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی تاکۆتایی ئەمساڵ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران کۆتایی بێت”.
جەختیشی لەوە کردەوە، تەوتینی مووچە بەپێی بڕیارێکی دادگای فیدراڵی هاتووە، و دەبێت جێبەجیبکرێت چونکە زامنی ماف و مووچەی فەرمانبەران دەکات.
لەلایەکی دیکەوە غەریب ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاندووە، پڕۆژەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەڕێگەی “هەژماری من” ڕەتدەکەینەوە، و سەرۆک حزبەکەمان بڕیاریداوە دەبێت بەپیی بڕیاری دادگای باڵا لەڕێگەی بانکە عێراقییەکانەوە تەوتین بکرێت.
لە 21ی شوباتدا دادگای فیدراڵی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم و محەمەد شیاع سودانی و مەسرور بارزانی پابەندکرد بە تەوتین کردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەوکاتەوە هەوڵەکان بەردەوامن و حکومەتی هەریم لەڕێگەی هەژماری من بەردەوامە لە تۆمارکردنی ناوی مووچە خۆران.