وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هەنگاوەكانی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان زۆر بە باشی چووەتە پێش و بەزووترین كات و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دابەشكردنی زەوی دەستپێدەكات.
وەزارەتی شارەوانی هەرێم لە ڕاگەیەنراویکدا ئاماژەی بەوەكردووە، دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان خێراتر كراوە و بەزووترین كات پڕۆسەكە لەو شارەوانییانەی، كە كارە هونەری و كارگێڕییەكانیان تەواو كردووە دابەشكردنی زەوی دەستپێدەكات.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئێستا لێژنەی باڵای دابەشكردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕۆژانە لە بەیانییەوە تاوەكو ئێوارە، بە چڕی كار لەسەر فۆڕمەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەكەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ تیمی وەزارەت بۆ دابەشكردنی زەوی كۆبووەوە و داوای لێكردن بەزووترین كات سەرجەم كارەكان تەواو بكەن و پڕۆسەكە لە كەمترین كاتدا دەستپێدەكات.