خالید مەشعەل: “گەردەلوولی ئەقسا ئیسرائیلی گەڕاندەوە بۆ خاڵی سفر”



سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە تاراوگە ڕایگەیاند ھێرشی “گەردەلوولی ئەقسا”، وەرچەرخانێکی گەورەیە لە ململانێیەکاندا لەگەڵ ئیسرائیل، بەو پییەی ئیسرائیلی گەڕاندەوە بۆ خاڵی سفر.

خالید مەشعەل، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە تاراوگە، لە حەوتەمین کۆڕبەندی کوالا لامپور بۆ ھزر و شارستانی کە لەژێر ناوی “گەردەلوولدا” بەبۆنەی تێپەڕبوونی یەکساڵ بەسەر ھێرشی “گەردەلوولی ئەقسا” بەڕێوەچوو، وتارێکی پێشکەش کرد.

مەشعەل وتی: “کاریگەریی هێرشەکەی رۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووە بەو کارە کەم نابێتەوە کە ئەم قەوارە شکستخواردوو و لەرزۆکەیە ئەنجامی دەدات، کاتێک لە ھەمان کاتدا لەگەڵ گەردەلوولی ئەقسادا، دەستی بە ھێرشێکی گشتگیر کردووە بۆ سەر غەززە کە تا ئێستا بەردەوامە، ئەوەش وەک ھەوڵێک بۆ داپۆشینی ئەو شکستەی کە لە ماوەی یەکساڵدا لە غەززە ڕووبەڕووی بووەتەوە”.

ڕاشیگەیاند: “گەردەلوولی ئەقسا، وەک خاڵێکی ڕەش لە مێژووی ئەم قەوارەیەدا دەمێنێتەوە کە بە پشتیوانی خودا، بەم زووانە لەناو دەبرێت”.

ئاماژەی بەوەشدا: “ھێزەکانی مقاوەمە لەسەروویانەوە بزووتنەوەی حەماس لەم داستانەدا، ژمارەیەک سەرکردە باڵایان لەدەستداوە، لەوانە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس ھەنییە و جێگرەکەی ، ساڵح عاروری”.

ھەروەھا جەختیشی لەوەکردەوە کە قودس وەک گرنگترین پرس دەمێنێتەوە و داواشی لە گەلانی ئیسلامی کرد پاڵپشتی لە سەرخستنی قودس و ئەقسا بکەن و گوتی: “قودس و ئەقسا ئیلھامبەخشی سەرجەم مرۆڤایەتین”.

سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس، ڕاشیگەیاند کە ھێرشی “گەردەلوولی ئەقسا”، قۆناغێکی نوێ وەرچەرخانێکی گەورەیە لە ململانێیەکاندا لەگەڵ ئیسرائیل، بەو پییەی ئیسرائیلی گەڕاندەوە بۆ خاڵی سفر و گوتی: “ئێستا قەوارەی زایۆنی شەڕی بوون دەکات، تەنانەت متمانەی بە خۆی لەدەستداوە، وەک ئەوەی لە دوایین ڕاپرسییەکاندا، باس کراوە”.

گروپە شیعەکانی عێراق هێرشیان کردەوە سەر ئیسرائیل
پێت گروپە شیعەکانی عێراق هێرشیان کردەوە سەر ئیسرائیل
وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشکرا دەکات
دوات وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشکرا دەکات
پەیوەندیدار