بازرگانان دەیانەوێت بەهەر نرخێک بێت، کاڵای کواڵێتی خراپ داخڵ بکەن، بە تایبەت کاڵای ئێرانی و تورکی، ئەمە لەکاتێکدایە کە لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە پاراستنی مافی بەکاربەر نییە، ئابووریناسێکیش دەربارەی ئەو کاڵایانەی لە مەرزەکان ژێرخاک دەخرێن یان دەسووتێندرێن دەڵێت “لە دیوە ئابوورییەکەیەوە ئەوە زیان گەیاندنە بە سەرمایەی ئابووری کوردستان، بۆیە ئەگەر بەهای هەر تۆنێک تەنیا 200 دۆلار بخەمڵێندرێت، دەیان ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووری هەرێم دەگەیەنێت”.
فەرمان سادق
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوبەرایەتی گومرگی هەرێمی کوردستان، ساڵانە هەزاران تۆن کاڵای خۆراکی کواڵێتی خراپ لە مەرزەکانی هەرێم ژێرخاک دەخرێن،بەهۆی هاوتا نەبوونیان لەگەڵ ستانداردی عێراقی،هەروەها دەیان تۆنی دیکەی کاڵای نا خۆراکیش لە مەحرەقەکاندا دەسووتێنرێن،هاوکات بەشێك لەنوێنەرانی دەستەی ژینگەی شارەکانی کوردستانیش بێئاگایی خۆیان لەم پرۆسەیەی ژێرخاککردنە دەردەبڕن ودەڵێن”هەرێمی کوردستان رێکارێکی زانستییانەی نییە، ئەو کاڵایانەیشی لەناو شاریش لەناودەبرێن کێشەی ژینگەیان دەبێت و ناتوانرێت وەك وڵاتان لەناوببردرێن”.
رەشید موراد، سەرۆکی ئەنجومەنی عەلوەی زاخۆیە، باس لە ژێرخاک خستنی بارێکی (ترێ) دەکات لەبەرئەوەی نەیزانیوە کاتی قەدەغەی هاوردەکردنی ترێیە، زۆر هەوڵیداوە و داوایکردووە رێگای پێبدەن بارە ترێیەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ تورکیا، بەڵام بەرپرسانی گومرگی ئیبراهیم خەلیل بە بەرچاوی خۆی، ترێیەکەیان ژێرخاک خست و خەرجییەکەشیان لێسەندووە.
ئەم رووداوە پێش چوار ساڵ بووە، وەك رەشید باسی دەکات “لەسەر ئەم بابەتە گوشارێکی زۆریان کرد کە ئەگەر کاڵایەک بە کەڵک نەیەت رێگە بە بازرگانەکان بدرێت بیگەڕێننەوە بۆ وڵاتی سەرچاوە”.
هەروەها دەڵێ “پارساڵ، بارێکی مێوژی ئۆکرانیم هێنا، لە گومرگ دەرنەچوو، ئەگەرچی کوالێتییەکەی زۆر باش بوو، بەڵام بە ناچاری گەڕاندمەوە ئۆکرانیا”.
“دەستەی ژینگە ئاگاداری لەناوبردنی کاڵا خراپەکان نییە”
لەگەڵ ئەوەی بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوبەرایەتی گومرگی هەرێم بێت، ساڵانە هەزاران تۆن کاڵای خۆراکی لەو مەرزانە ژێرخاک دەخرێن بەهۆی هاوتا نەبوونیان لەگەڵ ستانداردی عێراقی، هەروەها دەیان تۆنی دیکەی کاڵای نا خۆراکیش لە مەحرەقەکاندا دەسووتێنرێن، هاوکات بەشێك لە نوێنەرانی دەستەی ژینگەی شارەکانی کوردستان بێئاگایی خۆیان لەم پرۆسەیەی ژێرخاککردنە دەردەبڕن.
شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ دەڵێت “ئێمە لە دەروازەکان بەپێی مادەی 68ـی یاسای 23ـی ساڵی 1968 مامەڵە لەگەڵ کاڵای داخڵکراو بۆ ناو کوردستان دەکەین، ئەگەر کاڵایەکە لەگەڵ ستانداردی عیراقی نەگونجێت ئەوا بازرگانەکە سەرپشک دەکەین لەوەی کە کاڵایەکەی بگەڕێنێتەوە ئەو وڵاتەی لێیەوە هێناویەتی یانیش هەر لە گومرگ لەسەر خەرجی خۆی لەناو دەبردرێت.
بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ سەبارەت بە لەناوبردنی کاڵاکان ئاماژە بەوە دەکات کە “بە نووسراوی فەرمی، بەڕێوەبەرایەتی گومرگی لێ ئاگادار دەکرێتەوە، پاشان لیژنەیەکی پێنج کەسی پێکدەهێنرێت لە نوێنەرانی گومرگ، بەڕێوەبەرایەتی دەروازە، کەرنتینەی گومرگ کە ئایا تەندروستییە یان ڤێتەرنەری یانیش کشتوکاڵییە نوێنەریان ئامادە دەبێت، لەگەڵ ئاسایش، ئەو بارەی هاتووە ئەگەر خۆراکی بێت ئەوا لە شوێنی تایبەتی خۆمان ژێرخاک دەخرێت، چونکە کێشەی بۆ ژینگە نییە، ئەگەریش پلاستیک و شتی نا ئۆرگانی بێت ئەوا لە مەحرەقە دەسووتێنرێت”.
وتیشی “ئەگەر بازرگان داوای گەڕاندنەوەی بارەکەی بکات بۆ وڵاتی سەرچاوە ئەوا هەر ئەو لیژنەیە لەگەڵی دەبێت تا دوا خاڵی سنوور”.
باسی لەوەش کرد کە “رێکاری لەناوبردن و سووتاندنی کاڵا نا ئۆرگانییەکان بە مەحرەقەی تایبەت ئەنجام دەدرێن، هەمان ئەو مەحرەقانەیە کە لە دونیا بەکاردەهێنرێن و لەمەشدا رەچاوی ژینگەپارێزی دەکرێت”.
ئاشکراشیکرد” کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا (هەزار و 156 تۆن و 850 کیلۆ) گەڕێندراوەتەوە وڵاتی سەچاوە، هەروەها ( 569 تۆن و 44 کیلۆ) بابەتی نا خۆراکیش گەڕیندراوەتەوە، ئەوانەشی لەناو براون ( 127 تۆن و 128 گرام) بابەتی خۆراکی ژێرخاک کراون، هەروەها بابەتی ناخۆراکیش( 13 تۆن و400 کیلۆ) لەناو براوە.
هەرێمی کوردستان لە رێگەی ( 26 )مەرزی فەرمی و نا فەرمی بە ئێران و تورکیاوە بەستراوەتەوە، ساڵانەی بە بەهای نزیکەی( 18) ملیار دۆلار لەم دوو وڵاتە کاڵا داخڵی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بە 650 کیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، دوو مەرزی نێودەوڵەتی و ( 18) مەرزی فەرمی لەنێوانیان هەیە، لەگەڵ تورکیاش کە سنوورەکەی 350 کیلۆمەتر دەبێت، یەک مەرزی نێودەوڵەتی هەیە کە ئەویش ئیبراهیم خەلیلە.
هەرێم لە رێگەی مەرزە نێودەوڵەتییەکانی باشماخ و مەرزە فەرمییەکانی سەیران بەن، زەڵم، شوشمێ، کەناروێ، ئەزمەک و پێنجوێن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان و مەرزە فەرمییەکانی پشتە و تیلەکۆ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و مەرزە فەرمییەکانی زێد، بەرزاگر و هەزیر لە سنووری پارێزگای هەولێر، مەرزە فەرمییەکانی شیوە رەز، هەڵشۆ، هێرۆ، قەندیل، گەناو و کێلێ لە سنووری ئیداری راپەڕین بە وڵاتی ئێران بەستراونەتەوە، هەروەها لە رێگەی مەرزی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل و مەرزە فەرمییەکانی ئالۆکە، خابوور و سەر زێڕ لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە تورکیاوە بەستراونەتەوە.
“ئەو کاڵایانەی لە پشکنینی بایۆلۆجیدا دەرناچن ناگەڕێنرێنەوە و دەبێ لەناوببردرێن”.
لەسەر ئەم بابەتە بێریڤان ئاوات، ئەندازیاری خۆراك باس لەوە دەکات” کە لە هەردوو مەرزی پشتە و تەوێڵە کە دوو مەرزی نا نێودەوڵەتین کە هەر کاڵایەک لە پشکنینی فیزیایی دەرنەچێت ئەوا ماوەی هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە بە بازرگانەکە دەدرێت بۆ ئەوەی بیگەڕێنێتەوە”. ئاماژەش دەدات بەوەی “زۆرینەی بازرگانان لەو حاڵەتەدا کاڵاکانیان دەگەڕێننەوە، چونکە تووشی زەرەر و زیان دەبن”. ئەم ئەندازیارە لەدرێژەی لێدوانەکەیدا ئەوەشی درکاند کە “ئەو کاڵایانەی لە پشکنینی فیزیایی دەردەچن و لە پشکنینی بایۆلۆجیدا دەرناچن، رێگا بە بازرگانان نادرێت کاڵاکانیان بگەڕێننەوە و دەبێ لەناوببردرێن”.
بەڵام لەهەمانکاتدا دان بەوەدا دەنێت کە بۆ لەناوبردنی کاڵاکان “هەرێمی کوردستان رێکارێکی زانستییانەی نییە، ئەو کاڵایانەیشی لەناو شاریش لەناودەبرێن کێشەی ژینگەیان دەبێت و ناتوانرێت وەك وڵاتان لەناوببردرێن”.
“ساڵانێک پێش ئێستا دەسووتێنرا یان دەخرایە ژێرخاک، لەهەردوو باردا زیانی بۆ ژینگە هەیە، تەنانەت لەو دوو مەرزەی منی لێم نوێنەری دەستەی ژینگە نابینم ئامادە بێت لەسەر شێوازی لەناوبردنەکە”. بێریڤان ئاوات وای وت، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر کاڵایەکە خۆراکیش بێت، خۆ بە کیسی نایلۆن یان سندوقی پلاستیکی هەڵگیراون، ئەمەشی لەگەڵ ژێرخاک دەخرێت.
“لە مەرزەکانی هەریمی کوردستاندا ئەرکی پشکنینی کاڵاکان بە کەرتی تایبەت سپێردراوە”
دوای بەدواداچوونمان بۆ ئەم بابەتە بۆمان دەرکەوت کە لە مەرزەکانی هەرێمی کوردستاندا پشکنینی فیزیایی، بایۆلۆجی و کیمیایی بۆ کاڵا خۆراکی و ناخۆراکییەکان ئەنجام دەدرێن و دراوەتە کەرتی تایبەت و بۆئەم مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان، سەرجەم مەرزە فەرمی و نافەرمییەکانی لە گروپێکی واتسئاپ کۆ کردووەتەوە و لە رێگەی ئەو گروپەوە ئاگاداری یەکتر دەکەنەوە لە پەسند نەکردنی هەر بارێک و رێگریکردن لەوەی بازرگانەکە هەوڵبدات بەناوی گەڕاندنەوەی بۆ وڵاتی سەرچاوە، بیەوێت لە مەرزێکی دیکە داخڵی بکات.
بێریڤان ئاوات ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە “مەرزەکان بوونەتە گۆڕستانی کاڵا و وڵاتان بەتایبەت ئێران و تورکیا، دەشڵێت؛ باری وەها هەبووە بازرگانەکە ویستوویەتی داخڵی بکات و رێگری لێکراوە، کەچی بازرگانەکە هەوڵیداوە بە هەڕەشە و واستە داخڵی بکات. دڵخۆشی خۆشی بەوە دەربڕی کە رێگەیان نەداوە ئەو بارە بێتە ناو هەرێمی کوردستان و تەنانەت مەرزەکانی دیکەیشیان لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە”.
لە هەرێمی کوردستاندا یاسایەکی تایبەتە بە پاراستنی مافی بەکاربەر نییە، ئەوەی هەیە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی کوردستانە کە تیایدا هاتووە تا ئەو کاتەی یاسایەکی تایبەت بە مافی بەکاربەر دەردەچێت یاسای پاراستنی بەکاربەری عێراق ژمارە 1ی ساڵی 2010 لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت. کە سزاکانی سەرپێچیکار لە ئاستی گەورەیی سەرپێچیکاردا نییە لە هاوردەکردنی بابەت و کاڵای کواڵێتی خراپ، کە خۆی لە بەندکردن لە ماوەیەك لە سێ مانگ کەمتر نەبێت یان پێبژاردنی ماددی لە یەك ملیۆن دینار کەمتر نەبێت.
بەڵام بەگوێرەی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ژمارە (8)ـی ساڵی 2008، لە بەشی پێنجەمی یاساکەدا و لە مادەکانی (34،35،36)ـی یاساکەدا ئاماژە بە چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ مادە قەدەغەکراوەکان وتیشکدەرەوەکان کراوە و رێگری دەکات لە ژێرخاک خستنیان، هەروەها لە بەشی شەشەمی یاساکەدا لە مادەکانی (37،38،39)ـدا لە پرسی هاوردەکردنی مادە قڕکەرەکان ئەوە هاتووە؛ هاوردە و بەکارهێنانی ئەو مادانە دەبێت بە هاوکاری بێت لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عێراق و بۆ ئەمەش لیژنەیەک لە هەرێمی کوردستان دادەمەزێت کە بایەخ بە تۆمارکردنی مادە قڕکەرەکان دەدا
بەپێی ئاماری فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی گەرمیان لە ساڵی 2023 دا وشەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ( 118 تۆن و 485 کیلۆ) کاڵای هاوردە لەناوبراون، هەروەها لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە ساڵی 2023 دا وشەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ (هەزار و 577 تۆن) کاڵا لەناوبراون، لە هەردوو مەرزی سەیران بەن و تەوێڵە لە سنووری گومرگی پارێزگای سلێمانی ( 648 تۆن و 960 کیلۆ) لە ساڵی 2023 دا و شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ لەناوبراون، هەرچی لە مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانە، ( 141 تۆن و 575 کیلۆ ) کاڵا لەناوبراوە.
“دەستەی ژینگە هیچ نوێنەرێکی لە مەرزەکاندا نییە”
بەپێی زانیارییەکان ژێرخاکخستنی کاڵاکان لەناو مەرزەکان ئەنجام نادرێن، بەڵکو لە دووری مەرزەکان ژێرخاک دەخرێن، بۆ ئەمەش لە هەر مەرزێک سەدان دۆنم زەوی بۆ ژێرخاک خستنی کاڵاکان بەکارهاتووە و کۆی تێچووی ژێرخاک خستنەکەش دەکەوێتە ئەستۆی بازرگانەکە.
بۆ ئەم مەبەستە ئازاد نوری عەولا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری هونەری لە دەستەی ژینگە رایدەگەیەنێت “دەستەی ژینگە هیچ چاودێرێکی لە مەرزەکان نییە و هیچ هاوڵاتییەکیش لەسەر ئەم پرسە ئێمەی ئاگادار نەکردووەتەوە”.
هەروەها وتی “ژێرخاک خستنی ئەو کاڵایانە بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە کە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگەی خاک و ئاو”.
ئازاد نوری عەولا، باس لە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە عێراق واژۆی لەسەر(20) رێککەوتن کردووە لەوانە رێککەوتنی (ستۆکهۆڵم، بازل، رۆتردام و مینامات) و زۆری دیکە، کە پەیوەندارن بە مادە مەترسیدارەکان و تیشکدەرەوەکان، ئەو مادانە بێ رەزامەندی ئێمە و دەستەی ژینگەی حکومەتی عێراق، بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە بێتە ناو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری هونەری، ئاماژەی بەوەشکرد “کە پێشتریش داوایانکردووە کە وەک وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی نوێنەریان لە مەرزەکان هەبێت هاوشانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی، بەڵام بەهۆی کەمی فەرمانبەر و ئەو قەیرانە داراییەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ئیشی لەسەر نەکراوە”.
وتیشی “مەترسی ژێرخاک کردنی ئەو کاڵایانە بەپێی جۆری کاڵایەکە دەگۆڕدرێت، خۆراکییەکان زیانیان نییە، زیانەکە لە پلاستیک و نایلۆندایە، لەبەرئەوە نابێت پلاستیک ژێرخاک بخرێت”.
لە رێگەی تەلەفۆنەوە، پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەرانی فەرمانگەی ژینگەی شارەکانی هەولێر، سلێمانی، گەرمیان و دهۆک کرد، هەر چواریان کۆك بوون لەسەر ئەوەی کە ئاگادار نین لە دەروازە سنوورییەکان چی روودەدات و نوێنەریشیان لە دەروازەکاندا نییە بۆ ئەوەی ئاگاداربن لە پڕۆسەی ژێرخاک خستنی کالا خۆراکی و سووتاندنی کاڵا نا خۆراکییەکان.
سەرەتا دڵشاد عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی دهۆک رەتیکردەوە هیچ رێنماییەک هەبێت بۆ ئەوەی نوێنەریان لە مەرزەکان هەبێت، بەڵام دڵشاد خۆشناو، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر باس لەوە دەکات کە تەنیا هەندێک جار لە مەرزی حاجی ئۆمەران ئاگادار دەکرێنەوە نوێنەریان ئامادە بێت بۆ پڕۆسەی ژێرخاک خستن و سووتاندن.
ئاشکراشی دەکات کە “ئەمساڵ، دوو بۆ سێ حاڵەت هەبووە تەلەفۆنیان کردووە و لەمبارەیەشەوە نوێنەریان لەسەر ئەمە راپۆرت ئامادە دەکەن”. جەختیشی لەوە کردەوە کە”ئەو کاڵایانەی زیانیان بۆ خاک و هەوا و ئاو هەبێت، رێگە نادرێت لەناو خاکی کوردستان لەناو ببرێن و رەوانەی وڵاتی سەرچاوەی دەکەنەوە”.
دکتۆر سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیەنێت “لە هەموو مەرزەکان نوێنەری وەزارەتی تەندروستی هەیە و ئەو پڕۆسەیەی لەوێش ئەنجامدەدرێت بە تەواوەتی بەگوێرەی رێنماییە تەندروستییەکانی وەزارەتەکەیە”.
لەلایەکی دیکەوە هیوا عومەر، سەرۆکی رێکخراوی( بیمە )کە رێکخراوێکە گرنگی بە ژینگە دەدات، ئاماژە بە کۆنفراسێکی دوو ساڵ پێش ئێستایان دەکات ودەڵێت “لەو کۆنگرەیەدا پێشنیارمان کرد نوێنەری ژینگە لە مەرزەکاندا هەبێت، ئەمەش دەرئەنجامی ئەوەی کە ئەو کاڵا خۆراکی و نا خۆراکیانەی داخڵی هەرێمی کوردستان دەکرێن، پێویستە رەچاوی لایەنی ژینگەشی بکرێت هاوشێوەی پشکنینی تەندروستییەکانی وەک فیزیایی، کیمیایی و بایۆلۆجی، کە ئەمە دەستەی ژینگەش پشتڕاستی کردووەتەوە و جێبەجێ ناکرێت، چ جای ئەو کاڵایانەی ژێرخاک دەخرێن”.
“بەداخەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا روئیایەکی بۆ ژینگە نییە تاوەکو کەڤەرێك بێت بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان رەنگبداتەوە لەمەرزەکان، هەروەها گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا”. هیوا عومەر وادەڵێت
روونیشی دەکاتەوە” کە ئەو یاسایەی دەستەی ژینگە هەیەتی، دەست و قاچی بەستوون و ناتوانێت چاودێری ژینگە بکات وەک پێویست”.
وتیشی “دەستەی ژینگە دەبێت بەهەمان شێوەی پۆلیسێکی هاتوچۆ بێت کە چۆن ئۆتۆمبێلێک لە شەقامەکان دەبینێت کە سەرپێچی دەکات، راستەوخۆ سزای دەدات، دەستەی ژینگەش دەبێت وابێت”.
هیوا عومەر، رەخنەی لە سیاسەتی حکومەتی هەرێم دەگرێت کە سیاسەتێکی ژینگە دۆستی نییە، بۆیە لە مەرزەکان نوێنەریان نییە و تەنانەت لە پاڵاوگەکانیش هیچ نوێنەرێکیان نییە. دەشڵێت “یەکێک لە پێشنیارەکانی کۆنفراسەکەی دوو ساڵ پێش ئێستامان ئەوەبوو کە دەبێت یاسای ژینگە هەموار بکرێتەوە و دەسەڵاتی زیاتر بە دەستەکە بدرێت نەک تەنیا چاودێر بێت”.
هەروەها دەربارەی ئەو کاڵایانەی لە مەرزەکان ژێرخاک دەخرێن یان دەسووتێندرێن دەڵێت “لە دیوە ئابوورییەکەیەوە ئەوا زیان گەیاندنە بە سەرمایەی ئابووری کوردستان، بۆیە ئەگەر بەهای هەر تۆنێک تەنیا 200 دۆلار بخەملیندرێت، دەیان ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووری هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت”.
پسپۆڕێكی ئابووری : هەرێمی کوردستان بە بەهەشتی کاڵای کوالێتی خراپی وڵاتان وەسفدەکات
پسپۆرێکی ئابووری وسەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی ئابووریناسانی کوردستان، لەو بڕوایەدایە ئەوانەی کاری بازرگانی مەترسیداری لەو شێوەیە دەکەن دەزانن کواڵێتی بابەتی هاوردەکانیان لەئاستی پێویستدا نییە، بەڵام بۆ قازانج ئەو ریسکە دەکەن.
د. ئەیوب سماقەیی، روونیشیدەکاتەوە کە “لە دونیادا شتی وەها نییە بازرگانان سەرکێشی بە سەرمایەکانیان بکەن، جگە لە کوردستان نەبێت، بۆیە بەپێی یاسایەکی ئابووری هەموو ئەو کارانەی ریسکیان زۆرە ئەوا قازانجیشیان زۆرە”. هاوکات لەمبارەیەوە هەرێمی کوردستان بە بەهەشتی کاڵای کوالێتی خراپی وڵاتان و بەهەشتی پیسبوون وەسفدەکات.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە رووی ئابوورییەوە “هیچ بازرگانێک ئامادە نییە سەرمایەکەی خۆی بخاتە مەترسییەوە، بەڵام ئەوانەی کاڵاکانیان لە دەروازە سنوورییەکان دەستی بەسەردا دەگیردرێت، پێشتر ئەزموونی ئەوەیان هەیە کە پێشتر دەیان باری دیکەیان داخڵ کردووە و قازانجی زۆریان کردووە”.
پێشیوایە ئەوەی روودەدات ” نیشانەی لاوازییە لە یاسای پاراستنی ژینگە، وەبەرهێنان، بازرگانی، دامەزراندنی کۆمپانیاکان و یاسای جولەی دەستی کار”.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ( 35 هەزار و 666 ) کۆمپانیای ناوەخۆ و بیانی لە کوردستان تۆمار کراون.
سەبارەت بە قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران، بەگوێرەی ئەوەی لە ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی هەرێم و باڵوێزخانەی تورکیا و وەزارەتی بازرگانی عێراق و باڵیۆزخانەی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵ تا حەوت مانگ، قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان سەرووی (10ملیار( دۆلاربووە. لەگەڵ ئێرانیشدا لەماوەی ساڵی 2023 دا لە نێوان دوو تا سێ ملیار دۆلار بووە، لەهەمانکاتدا سەرووی سێ ملیار دۆلار قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و ئێرانە بە ناو هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت.
*ئەم بەدواداچوونە بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە لەچوارچێوەی پڕۆژەی “رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی بۆ ئاشکراکردن و بەدواداچوون”، بە سپۆنسەری کونسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر.