سیناریۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 200 دۆلار ئاشكراكرا



شارەزایەكی ئابووری عێراقی ئاشكرای دەكات، ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات، کە ڕۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێپەڕدەبێت، نرخی یەک بەرمیل نەوت بۆ نزیکەی 200 دۆلار بەرز دەبێتەوە.

نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووری عێراقی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕاپۆرتێكی دەربارەی “سیناریۆكان و پێشبینییەكان بۆ شەڕی داهاتووی نەوت” بڵاودەكاتەوە و دوو ئەگەر و سێ‌ سیناریۆی باسكردووە.

مەرسومی سەبارەت بە ئەگەری یەكەم ئاماژەی بەوەكردووە، قەوارەی زایۆنی بەندەرەکانی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە تایبەت دوورگەی خەرج بکاتە ئامانج کە 90%ی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لەو ڕێگەیەوە تێدەپەڕێت، ئەمەش بە واتای هەڵوەشاندنەوەی یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی ئێران لە بازاڕە، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی ئێران بە نزیکەی 5 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و تا ئاستی ٨٢ دۆلار، بەڵام دەبێتە هۆی بڕینی گرنگترین سەرچاوەکانی دارایی ئێران و لەم حاڵەتەدا ڕووبەڕووی چەند سیناریۆیەک دەبینەوە:

یەکەمیان: ئۆپێک پڵەس دەستوەردان دەکات و سنووردارکردنی خۆبەخشانە و ئیجباری بەرهەمهێنانی نەوت هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دابینکردنی نەوتی پێویست بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی نەوتی ئێران و ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخەکان و گەڕانەوەیان بۆ حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو.

دووەمیان: ڕەنگە شەڕەکە درێژبێتەوە بۆ ئەوەی وێستگەکانی پەمپکردن و هەناردەکردنی نەوت لە کەنداو بگرێتەوە، ئەمەش ڕەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کەنداو و سعودیە بەتایبەتی هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی پاڵنانی نرخی نەوت بۆ ئاستێکی سەرووی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

سێیەمیان: ئێران پێشتر پشتڕاستی کردۆتەوە، کە ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوتەکەی بۆ جیهان بە مانای ڕێگریکردن لە دەرچوونی نەوت لە گەرووی هورمزیشەوە دەبێت، ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات، ئەمە بە مانای بڕینی نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل بۆ هەر یەک ڕۆژی دابینکردنی نەوتی جیهانی و ئەمەش نرخەکان پاڵدەنێتە ئاستی ٢٠٠ دۆلار جگە لە کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر بارکردنی غازی کەنداو، کە بە گەروودا تێدەپەڕن.

دەربارەی ئەگەری دووەم ڕوونی كردۆتەوە، لێدانی ئیسرائیل لە دامەزراوە نەوتییەکان و بەتایبەت پاڵاوگەکانی ئێراندا سنووردار دەبێت، ئەمەش بە واتای لابردنی 300 بۆ 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە هەناردەکردنی ئێران لەم حاڵەتەدا هیچ کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر نرخی نەوتی جیهانی نابێت، بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی نەوتی لیبیا بۆ ئاستی پێشووی.

سیناریۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 200 دۆلار ئاشكراكرا
پت سیناریۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 200 دۆلار ئاشكراكرا
هێرشە مووشەكییەكەی ئێران كاری كردۆتە سەر بازاڕی هەرێم و عێراق
دوات هێرشە مووشەكییەكەی ئێران كاری كردۆتە سەر بازاڕی هەرێم و عێراق
پەیوەندیدار