وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ماوەی (زانکۆلاین)ی بۆ 24ی كاتژمێری داهاتوو درێژکردەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەپێناو پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچووانی 12ی ئامادەیی بۆ ئەوانەی تا ئێستا فۆڕمی (زانکۆلاین)یان پڕنەکردۆتەوە یان تەواویان نەکردوە بەتایبەت دەرچووانی 12ی ئامادەیی لە کەرکوک و شەنگال و خانەقین، بڕیاردرا ماوەی زانکۆلاین (24) كاتژمێری دیکە واتە تا كاتژمێر (12)ی شەوی ڕۆژی یەک شەممە لەسەر دووشەممە رێکەوتی (2024/10/6) بۆ دەرچوانی قۆناغی 12ی ئاماەیی وەک دواین دەرفەت درێژبکرێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کە بەهەر هۆکاربێت نەیانتوانیوە فۆرمی زانکۆلاین پڕبکەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتە و فۆڕمی زانکۆلاین تەواوبکەن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمە دواین دەرفەتە و چیتر ماوەی زانکۆلاین درێژناکرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە دەرچوانی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەکەین، کە تا ئێستا فۆڕمی (زانکۆلاین) یان پڕنەکردۆتەوە، پێویستە لەماوەی ئەو 24 كاتژمێردا پەلەبکەن و تەواوی هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕکردنەوە و تەواوکردنی فۆڕمی زانکۆلاین.