عەبدولواحید محەمەد – مامۆستا
ئاشکرایە، دەنگدان پێدراوێکی یاسایی هەموو تاکێکە لە کۆمەڵگە بۆ ئەوەی دڵخوازی خۆی هەڵبژێرێت و بینێرێتە کایە یاسایی و سیاسی و تەنفیزییەکان، تاوەکو ئەوەی دەیەوێت یان دەیخوازێت بە دەستیبێنێت، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانرێت لە بنەڕەتدا دەنگدان بە زۆرەملێ نییە بەڵکو ئارەزومەندانەیە.
واتە تاک ئازادە لەوەی بەشداری هەڵبژاردن و پڕۆسەی دەنگدان بکات، یان ئەوەتا نەچێت و دەنگ نەدات، هیچ یاسایەکیش نییە ناچاری بکات، ڕاستە لە هەندێک وڵات بەهۆی هەندێک ڕێکارەوە کراوەتە ناچاری، کەچی لە هەرێمی کوردستان بگرە لە عێراقیش، دەنگدان بە ویستی تاکە و پشت بەوە دەبەستێت ئایا ئەو پڕۆسەیە گۆڕانکاری پێویست دروستدەکات یان نایکات.
بۆیە ئەو هەڵبژاردنانەی لە ڕابردوودا کراوە جگە لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢، ڕێژەی بەشداریکردن کەمبووە، ئەوەش لەبەر ئەوەی دەنگدەر باوەڕی بەوە نەبووە پڕۆسەکە گۆڕانگاری دروستبکات، ئەگەر ڕێژەییش بێت، بە کرداریش هەر وابووە، بەو مانایەی دەنگدانەکەی سوودی نییە، چونکە هەمان ئەو سیاسەت و دەم و چاوانەی پێش هەڵبژاردن کە خەڵک پێی وابووە سەرچاوەی نەهامەتی و کێشەکانن، دووبارە دەبنەوە، ئیتر بۆ بچێت و خۆی ماندوو بکات.
مخابن دەسەڵاتداران بەهۆی غروری و کەڵکەڵەی خۆبەزلزانین هەرگیز بە لای ئەوەدا نەچوون و بپرسن بۆ ئەو خەڵکە بەزۆری بەشداری هەڵبژاردن ناکەن؟ لەکاتێکدا زۆر پێویستە بۆ گەلی کوردستان مومارەسەی ئەو مافە بکەن و ڕابێن لەسەر بەهێزکردنی پایەکانی دیموکراسی، بەتایبەتی ئێمە لە ژێر ئەزموونی نێودەوڵەتیداین.
لەبری لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و بەدواداچونی ئەو پرسە گرنگە، هەموو جارێک کەوتونەتە لافلێدان و نازکردن بەوەی بەدەستیان هێناوە، ڕاست و چەپیشیان بەسەر ئیرادی زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵکدا هێناوە و بەردەوامییان بە سەپاندنی هەژمونێکی نەخوازراوی خۆیان داوە، لەژێر کۆمەڵێک دروشمی موزەییەف وەکو کوردایەتی، نەتەوایەتی، ئابووری سەربەخۆ و تەخوینکردنی ئەوانەشی قبوڵیان نەبووە.
لەڕاستیدا ئەو ڕێڕەوە هەڵەیە سەریکێشا بۆ هەڕاجکردنی سەرخان و بنخانی هەرێم، تەنانەت بڕینی قوت و ڕزقی خەڵک و زەوتکردنی ئازادی و هەرچی پێویستە بۆ ژیان و گوزەرانێکی شایستە و بەرجەستە بوونی ئاشتی و ئارامی، هەروەها ڕای ئازاد لەسەر ئاستی تاک و بە کۆمەڵ.
بە بڕوای خۆم دۆخەکە گەیشتۆتە ئاستی چەقبەستن و بیناقاقای هەمومانی گرتۆتەوە، تاکە ڕێگە لەبەر دەممان مابێتەوە، ئەو هەڵبژارنەیە کە لە پێشماندایە، تاوەکو ئەوانەی بوونەتە تەوق و لە گەردنمان ئاڵاون و هەناسەیان لەبەر بڕیون، چیتریش لەم شەکرە هەرێمەی خۆمان نەبینە میوان و بێگانە لە ڕەگەزی جۆراجۆر نەبنە خاوەن ماڵ.
دەبێت دەنگ بدەین، بەڵێ دەبێ دەنگ بدەین، بۆ کۆتایی هێنان بەم ڕەوشە نابێت هیچ پێشهات و پڕوپاگەندەییەک ساردمان بکاتەوە، هەلەکە زۆر گونجاوە، چونکە تەزویر و دەنگی مردوو و هێنانی خەڵکی ئەملا و ئەولا و لەگەڵ سینیش هەڵبژاردن بکەن دەیبەنەوە ڕۆڵیان نەماوە، ئەوەی ماوەتەوە و زۆر گرنگە کەس دوودڵ نەبێت و بچێت دەنگ بدات، بۆ ئەوەی ڕەوشەکە بە هێمنی بگۆڕێت و بێزارییەکان بڕەوێتەوە.
حکومەتێک پێکبێت، حکومەتی هەموو کۆمەڵانی خەڵک بێت و جیاوازی لە نێوان گەڕەک و گەڕەکێکیتر و شارێک و شارێکیتر نەکات، حکومەتێک چیتر هەرزان فرۆشمان نەکات و هەموو ڕۆژێک دووجار نەمانکوژێ و زیندووببینەوە، حکومەتێک کەسێک هەموو شتێک بێت و هەموو کەسیش هیچ.