بۆچی ئەمریکا پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات دژی ئێران



شێرکۆ کرمانج

ئەوەی لێرە دەیخوێننەوە، دید و تێگەیشتن و پێشبینیکردنی من نییە بۆ پۆڵەسی (واتە: هەڵوێست و کردە و ستراتیجییەکانی) ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران، بەڵکوو ئەمە دیدی کەسی دووەمە لە ئیدارەی ئەمریکا، ئەنتنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە لە بابەتێکی دوورودرێژدا بەناونیشانی “ستراتیجییەتی نوێبوونەوەی ئەمریکا: دووبارە بنیاتنانەوەی سەرکردایەتیی بۆ جیهانێکی نوێ” (America’s Strategy of Renewal: Rebuilding Leadership for a New World) نووسیویەتی، کە لە گۆڤاری فۆرین ئەفەیرس (Foreign Affairs) لە یەکی ئۆکتۆبەر بڵاوی کردۆتەوە. لەبەر گرنگی بابەتەکە من بە چاکم زانی کە ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە ئێران-ەوە هەیە بکەم بە کوردی، بەڵام هەوڵمداوە کە تەرجومەی حەرفی نەکەم تاوەکوو خوێنەر باشتر لە بابەت و چەمکەکان و پەیامەکانی نێو ڕستەکان بگات. لە کۆتایشدا خوێندنەوەیەکم بۆ تێگەیشتن و پەیامەکانی بلینکن کردووە لە چەند بڕگەیەکدا.

بلینکن بابەتەکە بەوە دەست پێ دەکات کە ماوەیەکە کێبڕکێیەکی توند بۆ دووبارە-پێناسەکردنەوەی جیهان لە ئارادایە، بەتایبەتی لە پەیوەند بە سیستەمی جیهانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. ژمارەیەکی کەم لە وڵاتان، لەوانە ڕووسیا، بە هاوکاری ئێران و کۆریای باکوور، لەگەڵ چین، بڕیاریان داوە دەستکاری بنەما بنەڕەتییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی بکەن. لە کاتێکدا شێوازی حوکمڕانی و ئایدیۆلۆجیا و بەرژەوەندی و تواناکانی ئەم وڵاتانە لە یەکدی جیاوازن، بەڵام لەوەدا هاوبەشن کە هەر چواریان دەیانەوێت دەسەڵاتێکی خۆسەپێن لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا بسەپێنن و لە کایە نێودەوڵەتیی و ئیقلیمییەکانیشدا کاریگەرییان هەبێت و دەستێوەردان بکەن. هەموویان بەسەریەکەوە دەیانەوێت ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر خاک بەزۆرەملێ یان هێز چارەسەر بکەن و توانا ئابووری و وزەییەکانیان وەک چەکێک بەکاربێنن لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەریان و جیهاندا.

بلینکن لەوە زیاتر دەچێتە ناو جەوهەری بابەتەکە و ڕاشکاوانە دەڵێت، ئەم وڵاتانە (ڕووسیا، چین، ئێران و کۆریای باکوور) هەموویان هەوڵدەدەن بناغەکانی هێزی ئەمریکا لە جیهاندا بنکۆڵ بکەن و لەناوی ببەن، کە خۆی لەم بوارانەدا دەبینێتەوە: باڵادەستی سەربازی و تەکنەلۆجی، باڵادەستی دۆلار، تۆڕی بێهاوتای هاوپەیمانی و هاوبەشیی لەسەرتاسەری جیهان. لە کاتێکدا ئەم وڵاتانە بە ئاشکرا وەک میحوەرێک خۆیان پێناسە نەکردووە بەڵام کار و کردەوەکانیان وەک میحوەرێک نیشانیان دەدات. بۆیە، واچاکە بەو شێوەیش مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەم قسەیەی بلینکن زۆر مانا، بەتایبەتی بەرانبەر ئێران، لە خۆی حەشار داوە. بەکورتی بەو مانایە دێت، کە ئەو پشتیوانییانەی کە ئەمریکا لە ئیسرائیل-ی دەکات دەگەڕێتەوە بۆ بە بەشێکبوونی ئێران لەم میحوەرە، لە کۆتاییدا دەگەڕێینەوە سەر ئەم خاڵە.

ئینجا، بلینکن هەندێک هەڵوێست و کردار و ستراتیجی ئەمریکا دەخاتەڕوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم میحوەرە و دەڵێت، کاتێک سەرۆک جۆ بایدن و جێگرەکەی کامالا هاریس هاتنە سەر حوکم لە ٢٠٢١ دا، ئەم وڵاتانە بە خەستی بەشێوەیەکی شەڕانگێزانە بەگژ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا-دا چووبوونەوە. ئەم وڵاتانە پێیان وابوو کە ئەمریکا لە ناوخۆدا لە ململانێ و پاشەکشە و گەڕانەوەدایە و لەگەڵ دۆستەکانی لە دەرەوەی وڵات هاوکار و هاوبەشی نەماوە، یان کەم بوونەتەوە. ئەوان لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ ئەمریکییەکانیان دەبینی کە باوەڕیان بە حکومەت و دەزگاکانی لەق بووە و دیموکراسیی ئەمریکییش تووشی جەمسەرگیریی بووە و بەرەو ئاقارەکانی ئیفلیج بوون هەنگاوی ناوە. هاوکات ئەو وڵاتانە دەیان بینی کە ئەمریکا خەریکە هەر خۆی ئەو دامەزراوانە بنکۆڵ بکات کە خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیی (وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ) دایمەزراندوون.

 

بەگوێرەی تێگەیشتنەکانی بلینکن، جۆ بایدن و کامالا هاریس لەگەڵ هاتنە سەر کاریان، ستراتیجییەتی نوێبوونەوەیان (strategy of renewal) پەیڕەو کردووە، بەوەی کە هەوڵی بردنەپێشی توانای کێبڕکێی ئەمریکایان لە بوارەکانی ئابووری و تەکنۆلۆجی، هتد، لەگەڵ ئەوانی دی بردەپێش. هاوکات، لە ناوخۆدا ئەم هەوڵانەیان هاوجووت کرد لەگەڵ هەڵمەتێکی دیپلۆماسی چڕ بۆ بوژاندنەوەی هاوپەیمانیی و شەراکەتەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات. بەم پێیە، ئەم ستراتیجە دوو ستوونییە، باشترین ڕێگە بوو بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو گریمانەیەی کە دەیگوت توانا ئابووری و سەربازیی و تەکنۆلۆجییەکانی ئەمریکا لە داکشاندایە، یان ئەوەی ناویان نابوو، ئەمریکا گلۆرەی بەرەو لێژییە. ئەم گریمانانە مەترسیدار بوون چونکە وای لەو وڵاتانە کردبوو کە بەردەوام بن لە تێکدانی سیستەمی جیهانی ئازاد و کراوە و سەقامگیر و ئاوەدان، کە ئەمریکا بە بازووی خۆی دایمەزراندبوو. سیستەمێک کە بەشێکی زۆری وڵاتانی دیکەی دنیا بەدوایدا دەگەڕان و دەیانویست لەژێر سێبەریدا بحەسێنەوە. ئەو سیستەمە جیهانییەی کە ئەمریکا حەفتا ساڵێكە دایمەزراندووە و بەرگری لێدەکات، لە دیدی بلینکن، جیهانێکە کە وڵاتان ئازادن لە هەڵبژاردنی ڕێگا و هاوبەشەکانی خۆیان؛ ئابوورییەکەی بنەمای لەسەر کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە و کراوە و ڕوون داناوە، دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان دەڕەخسێنێت. جیهانێک کە تەکنەلۆجیا، مرۆڤەکان بەهێز دەکات و پێشکەوتنی مرۆڤ خێراتر دەکات. جیهانێک کە بنەمای لەسەر یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش جاڕنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دانابێت و ماف و بەها گەردوونییەکانی مرۆڤ ڕێزیان لێ بگیرێت. جیهانێک کە بتوانێت پەرە بسەنێت بۆ ڕەنگدانەوەی واقیعی نوێ، ڕێگە و دەنگ بدات بە دیدگا و یاریزانە تازەپێگەیشتووەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکانی ئێستا و داهاتووی مرۆڤایەتی.

ستراتیجی ئیدارەی بایدن، کە بلینکن دەیخاتەڕوو، ئەمریکای خستۆتە پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی زۆر بەهێزتر لە چاو چوار ساڵ لەمەوبەر، بەڵام کارەکانمان تەواو نەبوون. ئەمریکا دەبێت خۆڕاگری خۆی لە سەرانسەری جیهاندا بپارێزێت بۆ ئەوەی گریمانەکانی ئەو وڵاتانەی کە دژی ئێمەن لەرزۆک بکەین. دەبێت ئێمە خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانە نەتوانن هاوکاری لەگەڵ یەکتر قووڵتر بکەنەوە و ئەو بۆشاییانە پڕبکەنەوە کە پێشووتر دروست ببوون. دەبێت ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بە دۆستەکانی و هاوڕێکانی و شەریکەکانی نیشان بدات. دەشبێت بەردەوام بێت لە بەدەستهێنانی متمانەی گەلی ئەمریکا بە هێز و ئامانج و بەهای سەرکردایەتی دیسپلینکراوی ئەمریکا لە جیهاندا.

لە پەیوەند بە ئێران، بلینکن دەڵێت، ئێمە بەر چاومان ڕوونە و فشاری دیپلۆماسیمان زیاد کردووە، هەم لەسەر ئێران هەم لەسەر کۆریای باکوور. هاوکات، پێگەی سوپای ئەمریکامان بەهێزتر کردووە بۆ ڕێگریکردن و سنووردارکردنی تاران و پیۆنگیانگ. لە دیدی ئیدارەی بایدن-ەوە، دەرچوونی تاکلایەنە و چەواشەکارانەی دۆناڵد ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران (پێنج + یەک)، بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی لە زیندان ڕزگار کرد و ئاسایشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بۆ نموونە، ئیسرائیلی خستۆتە مەترسییەوە. ئێمە بە ئێران-مان نیشان دا کە ڕێگایەک هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە و پابەندبوون پێی. لە هەمان کاتدا، گەمارۆیەکی بەهێزمان خستبووە سەر ئێران بەشێوەیەک کە هەرگیز ڕێگە بە تاران نەدات چەکی ئەتۆمی بەدەست بێنێت. ئێمە ئامادەیی خۆمان بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆریای باکووریش بە ڕوونی ڕاگەیاند، بەڵام هەردوولا، کۆریای باکوور و ئێران، دەبێت ئەوە چاک بزانن کە ئێمە ملکەچی پێشمەرجەکانی ئەوان نابین.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووشدا، ئەمریکییەکان ئەوەیان بۆ ڕوون بۆتەوە کە تا فلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، تا زیاتر فشاری شەڕەکەی کەوتبێتە سەر، ئەوا زیاتر پشتی بە پشتیوانی و کۆمەکی ئێران و کۆریای باکوور و چین بەستووە بۆ درێژەدان بە شەڕەکە. بۆ نموونە، کۆریای باکوور باری یەک شەمەندەفەری گەورە چەک و تەقەمەنی لەم ماوەیەدا گەیاندە ڕووسیا، کە تێیدا ملیۆنان گوللـەی تۆپخانە و چەندان مووشەکی بالیستیکی تێدابوو. ئەمانە بەزەقی پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی چەندین بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانن. بەهەمان شێوە، ئێران کارگەیەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ڕووسیا دروست کردووە و سەدان مووشەکی بالیستیکیشی بۆ مۆسکۆ ناردووە. لەپاڵ ئەمانە، کۆمپانیا چینییەکان ئامێر و مایکرۆ ئەلیکترۆنیاتەکان (چیپەکانیان) بۆ ڕووسەکان بەردەست کردووە، کە لە پیشەسازی سەربازیی و چەکدا بەکاردێن.

لەگەڵ زیادبوونی پشتیوانییەکانی چین و ئێران و کۆریای باکوور بۆ ڕووسیا، یارمەتییەکانی مۆسکۆ-ش بۆ ئەو سێ وڵاتەی هەڵکشا، بەتایبەتی لە بواری دابینکردنی تەکنۆلۆجیای پێشکەوتووی سەربازی و چەک. ئەمەش لە ئێستادا هەڕەشەیەکی زەقی دروستکردووە بۆ سەر ژاپۆن و کۆریای باشوور. بۆ نموونە، پوتین و کیم جۆنگ ئون پەیماننامەیەکی سەردەمی جەنگی سارد-یان زیندووکردەوە، کە بەڵێنیان تازە کردەوە یارمەتی سەربازی یەکدی بدەن ئەگەر هەریەکێکیان بچێتە شەڕەوە.

هاوکات، ڕووسیا پشتیوانی سەربازی و تەکنیکی بۆ ئێران زیاد کردووە و دانوستانەکانی بۆ هاوپەیمانییەکی ستراتیجی لەگەڵ ئەو وڵاتە خێراتر کردووە. ڕووسیا ئەمەی لەکاتێکدا کردووە کە دەزانێت تاران بەردەوامە لە پڕچەککردن و ڕاهێنان و پارەدارکردنی ئەو پرۆکسیانەی کە هێرشی تیرۆریستیی دەکەنە سەر کارمەندان و سەربازانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە گەرووە کەشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور. هاوکارییەکانی ڕووسیا و چین لە هەموو دۆمەینەکاندا فراوانتر بووە و هەردوو وڵات مانۆڕی سەربازیی شەڕانگێز و بەرفراوانیان ئەنجامداوە، لەنێویاندا لە دەریای باشووری چین و جەمسەری باکوور. هەموو ئەوانە ئەمریکای تەواو نیگەران و توڕە کردووە، بە قسەی بلینکن.

چین، ڕووسیا، ئێران و کۆریای باکوور مێژوویەکی ئاڵۆز و بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە، هاوپەیمانییەکەیان بە هیچ شێوەیەک خۆی لە شانی هاوپەیمانییە باڵابەرز و درێژخایەنەکانی ئەمریکا نادات. پشت پەردەی بانگەشە گەورەکانیان بۆ دۆستایەتی و پشتیوانیی پڕیەتی لە مامەڵەخوازیی و بەرژەوەندی تەسکیی کاتیی و کڕین و فرۆشتن کە بە تێپەڕبوونی کات ئەگەری هەڵوەشانەوەیان هەیە. ئەوە بە تایبەتی بۆ چین ڕاستە، کە تەندروستی ئابوورییەکەی لە ناوخۆ و هێزی لە دەرەوەی وڵات لە ئەگەری درێژەدان بەو شەراکەتە کاتییانە لە مەترسیدایە. لەگەڵ ئەوەشدا، وەک بلینکن پێ داگری لەسەر دەکات، جۆرێک لە پابەندبوون لەنێوان هەر چوار وڵاتدا هەیە کە خۆی لە دژایەتی کردن و تەحەدای ئەمریکا و سیستەمی نێودەوڵەتییدا دەبینێتەوە. ئەوەش بەردەوامی داوە بە هاوکارییەکانیان، بە تایبەت کە دەبینن ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بەرامبەریان وەستانەتەوە.

کاریگەرییە خراپەکانی ئەم هێزە دەستکاریخوازانە (revisionist powers) ئەوروپا و ئاسیای تێپەڕاندووە. لە ئەفریقا، ڕووسیا بریکار و بەکرێگیراوەکانی بەڕەڵا کردووە بۆ دەرهێنانی زێڕ و کانزا گرنگەکان و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە هەوڵی ڕووخاندنی حکومەتە دیموکراسییەکان دەدەن. مۆسکۆ لەبری ئەوەی پشتگیری لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە سودان، چەک بە هەردوو لایەنی شەڕکەر دەدات بۆ درێژکردنەوەی کوشت و کوشتار. ئەوەی ئەمریکای توڕە کردووە، وەک لە قسەکانی بلینکن دەردەکەون، ئێران هاوشان و هاوتای ڕووسیا، بەڵام لە ئەفریقا نا بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەیە کە بریکارەکانی تاران دۆخی نالەباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان قۆستۆتەوە و ئاژاوەگێڕی لە هەموو شوێنێکدا دەکەن بۆ زیندووکردنەوەی ڕێگاکانی بازرگانی نایاسایی چەک لە ناوچەکە و گەورەکردنی ململانێکان لە چەندین وڵاتدا. لە لایەکی دیکەوە، پەکین چاوی لە شەڕانگێزییەکانی مۆسکۆ لە ئەفریقا نوقاندووە و لەلای خۆشیەوە وڵاتانی ئەو کیشوەرەی زیاتر و زیاتر خستۆتە ژێر باری قەرزی ناپایەدارەوە، بەمەش ئابووری وڵاتانی ئەفریقای خستووەتە ژێر مەترسییەوە. بەهەمان شێوە، لە ئەمریکای باشوور، چین و ڕووسیا و ئێران پشتیوانی سەربازی و ئابووری و دیپلۆماسی پێشکەش بە حکومەتە تاکڕەوییەکەی نیکۆلاس مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا دەکەن. ئەمەش وای لە مادۆرۆ کردووە کە ئەو قەناعەتەی لا دروست بێت کە ڕژێمەکەی لە ژێر فشاردا نییە، بۆیە دژایەتی ئۆپۆزسیۆن دەکات.

کاریگەریی هێزە دەستکاریخوازەکان، چوار دەوڵەتەکە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زەقتر و توندتر دەردەکەوێت. دە ساڵێک پێش ئێستا، ڕووسیا پشتگیری لە هەوڵەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرد بۆ سنووردارکردنی خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران؛ بەڵام ئێستا ڕێک بە پێچەوانەوە، پشتیوانی لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکات و کارە ئەتۆمییەکانی ئێرانی چالاکی کردۆتەوە، هاوکات، کارئاسانی بۆ چالاکییە ناسەقامگیرییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەکات. بێجگە لەمە، ڕووسیا چەندین ساڵ بوو دۆست و هاوبەشێکی نزیکی ئیسرائیل بوو، بەڵام لە دوای هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل، لە جیاتی ئیدانەکردنی هێرشەکە، پوتین پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەماس گەشە پێداوە. بەپێچەوانەوە، بلینکن دەڵێ کە ئێمە ماندوونەناسانە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەولاتریش کاردەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ و ئازارەکانی غەززە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی کە وا بکات ئیسرائیلییەکان و لوبنانییەکان بتوانن بە سەلامەتی لە هەردوو دیوی سنووردا بژین و ناوچەکە لە مەترسی شەڕێکی ناوچەیی و گەورەتر دوور بخەینەوە. لەوەش زیاتر، ئەمریکا دەیەوێت بەردەوام بێت لە کارکردن بۆ نزیکردنەوە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە نێوان ئیسرائیل و سعودیە.

ئەم هەوڵانەی ئێمە و ئەوان یەکتربڕن. ئێمە پێمان وایە، بلینکن ێژێ، بەبێ کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە و ڕێگایەکی باوەڕپێکراو بۆ بەدەوڵەتبوونی فەلەستین کە ئاوات و خواستە ڕەواکانی فەلەستینییەکان و پێداویستییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دابین بکات، ئاساییکردنەوە و ئاشتی ناتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت. بەڵام ئەگەر ئەم هەوڵانەی ئێمە سەربکەون، ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەب و ئیسرائیل بەرەوپێش بچێت. ئەوکات ئیسرائیل دەبێتە بەشێک لە ژێرخانی ئەمنی ناوچەکە و دەرفەتە ئابوورییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا گەشە دەکەن و ئێران و بریکارەکانی گۆشەگیر و پەراوێز دەخرێن. سەرەتاکانی ئەم جۆرە پەیوەندییە چەند ساڵێک لە ڕێگەی پەیماننامەی ئەبراهام و ڕێککەوتنەکانی پێش ئەو بناغەیان دانرابوو. یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەم ڕاستییە هاوکارییەکانی وڵاتانی عەرەبی بوو لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ کاتێک ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرئیل، وڵاتانی عەرەبی بەشداربوون لە شکستپێهێنانی هێرشەکان.

لە کۆتاییدا، بلینکن دەڵێت، من وەک وەزیری دەرەوە سیاسەت (politic) ناکەم؛ بەڵكو من پۆڵەسی (policy) جێ بەجێ دەکەم. پۆڵەسی پەیوەندی بە بژاردنەکانەوە هەیە. هەر لە ڕۆژی یەکەمیشەوە بایدن و هاریس بژاردەیەکی ڕاستیان هەڵبژارد کە بنەمای لەسەر ئەوە دانابوو کە لە جیهانێکی پڕکێبڕکێ و پڕتەنگژەدا، ئەمریکا ناتوانێت بە تەنیا بەسەر تەحەداکان و گرفتەکاندا سەرکەوێت، ئەمە ڕێک پێچەوانەی دیدی ترەمپ بوو، کە گۆشەگیریی هەڵبژاردبوو. بۆیە، ئەمریکا پێی وایە، ئەگەر بیەوێت بەرژەوەندییەکان و ئاسایشی خۆی بپارێزێت و دەرفەت بۆ گەلەکەی بخوڵقێنێت، ئەوا دەبێت لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەدا بوەستێت که پشکیان هەیه و حەز بە جیهانێکی ئازاد و کراوه و سەقامگیر و خۆشگوزەران دەکەن و بەگژ ئەو کەس و لایەنانەشدا بچێتەوە کە هەڕەشەن لەسەر ئەو جیهانە و سیستەمە نێودەوڵەتییەکەی.

بە خوێندنەوەی ئەم تێگەیشتن و دیدەی ئەمریکا، ئێمە باشتر لەوە دەگەین کە بۆچی، یەکەم، ئەمریکا بێدەنگە لە پەڕوباڵکردنی پرۆکسییەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیل-ەوە لە ساڵی ڕابردوودا، هەر لە لێدانی حەماس-ەوە بگرە تا دەگاتە هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵا و باشووری لوبنان. دووەم، ئەمریکا وای دەبینێت کە ڕووسیا، لە دیدی ئەوان شەیتانە گەورەکە، مادام لە شەڕێکدا گلاوە کە تا تەواو لاوازبوونی ناهێڵن لێی دەرباز بێت، بەمەش ئەمریکییەکان پێدەچێت خەمی ڕووسیا-یان بە تێوەگلانی لە شەڕ لە ئۆکرانیا لە کۆڵ خۆیان کردبێتەوە. ئەوەی دەمینێتەوە کوریای باکوور-ە، کە ئێستا نیازیان نییە خۆیانی پێوە سەرقاڵ بکەن چونکە هەڕەشەیەکی جددی نییە لەسەر ئەمریکا ڕاستەوخۆ، جگە لەوەی جار جار دوو هاوپەیمانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ژاپۆن و کۆریای باشوور، ناڕەحەت دەکات بە تاقیکردنەوەی چەند مووشەکێک. لە پەیوەند بە چین-یش، بەخوێندنەوەی قسەکانی بلینکن، ئەوە ئەمریکا پێی وایە دەکرێت سیاسەتی ڕووبەڕوونەبوونەوە لەگەڵیدا پەیڕەو بکات چونکە، ئەوان پێیانوایە کە بەرژەوەندییەکانی چین ئێجگار گەورەن لە بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژاوا، بۆیە دەکرێت چین بێتەوە هۆشی خۆی و لە ڕووسیا دووریش نەکەوێتەوە ئەوە وەک ئێستا پشتیوانی لێ نەکات.

بەڵام پرسە هەنووکەییەکە ئێران-ە کە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەمەش بۆ ئێران لە هەر سێ وڵاتەکەی دیکە ئاسانترە و هەنوکەییترە لەبەر دوو هۆکار: یەکەم، ئێران بێهێزترینی ئەو چوار دەوڵەتەیە بۆیە لێدانی لە هەمووان بێ گرفترە، هەم لەبەر ئەوەی وەک گوتم خاڵە لاوازەکەیە (the weakest link)، هەم لەبەر ئەوەی کە چەکی ئەتۆمی نییە. دووەم، بۆ لێدانی ئێران، ئەمریکا زۆر پێویستی بە خۆ سەرقاڵکردن نییە چونکە ئیسرائیل دەتوانێت ئەو کارەی بۆ بکات و هەرزان لەسەر ئەمریکا بوەستێت.

بۆیە من پێموایە کە ئەگەری لێدانی ئێران لەم ڕۆژانە زۆرە بەڵام نەک بە مەبەستی ڕووخانی ڕژێم وەک ئیسرائیل حەزدەکات بەڵکو بۆ لاوازترکردنی ڕژێمی ئێران لەلایەک و ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ئەویش بە تەقاندنەوەی ڕیئەکتەرە ئەتۆمییەکانی، وەک ئەوەی ئەمریکییەکان دەیانەوێت. ئەم دوو دیدە جیایە، دیدێک کە بنەماکەی لەسەر ڕووخانی ڕژێم داناوە، کە ستراتیجی ئیسرائیل-ە، لەگەڵ دیدی ئەمریکییەکان، کە لاوازترکردنی ئێران و نینۆککردن و پەڕوباڵکردنیەتی، هۆکاری هەرە سەرەکی دواخستنی لێدانی ئێران-ە لە چەند ساڵی ڕابردوودا. داخۆ کەی سازانێک لەسەر ئەم دوو دیدە دەکرێت ئەوە تەنیا کات پێمان دەڵێت، بەڵام من پێموایە زۆری پێناچێت، بەڵام دیدی کامیان زاڵ دەبێت ئەوەش مەعلوم نییە، بەڵام من پێموایە کە دیدی ئەمریکا ئەگەری زیاترە، وەلەو لەوانەیە زۆربەی کورد حەز بە سەرکەوتنی دیدی ئیسرائیل بکەن.

عێراقچی: گفتوگۆکانمان بەردەوامن بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە لوبنان
پێت عێراقچی: گفتوگۆکانمان بەردەوامن بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە لوبنان
بە تۆمەتی دزینی 387 ملیۆن دینار دەستگیرکرا
دوات بە تۆمەتی دزینی 387 ملیۆن دینار دەستگیرکرا
پەیوەندیدار