بەپێی زانیارییەکان، لە هەفتەی داهاتووەوە دواین هۆشداریی لە بارەى بەشدارینەکردنى فەرمانبەران لە پڕۆژەی “هەژمارى من” بە بەڕێوەبەرایەتییەکان دەدرێت.
میدیای یەکێتی لە زاری سەرچاوەیەک لە پڕۆژەى “هەژمارى من” بۆ بەبانکیکردنى مووچە بڵاویکردووەتەوە، کە هەفتەى داهاتوو 15 بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتییەکانى سلێمانى، بانگهێشتى ئەنجوومەنى وەزیران دەکرێن، لەبارەى بەشدارینەکردنى فەرمانبەر و مووچەخۆرەکانیان، لە پڕۆژەى “هەژمارى من.”
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر مووچەخۆرێک تاوەکو کۆتایى ئەمساڵ هەژمارى بانکیى نەبێت، بەغدا مووچەکەى ڕادەگرێت، لە کاتێکدا فەرمانبەرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا کەمترین بەشداریکردنیان هەبووە بۆ بە بانکیکردنی مووچەکانیان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بانکەکانى ناو پڕۆژەى “هەژمارى من” سەرجەمیان لەلایەن بانکى ناوەندى عێراق مۆڵەتیان هەیە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 هەزار مووچەخۆر ناویان لە پرۆژەى هەژمارى من تۆمارکردووە.
هاوکات بۆ مووچەى مانگى ئاب 132 هەزار مووچەخۆر لە رێگەى پرۆژەى هەژمارى منەوە مووچەکانیان وەردەگرن.