پ. د. سەعید علی محمد
بێگومان بەرزكردنەوەی دروشمی هەڵبژاردن لەدێر زەمانەوە لەلایەن سیاسییەكانەوە لەسەرتاسەری دنیادا ڕەنگدانەوەی بارودۆخ و قۆناغێكی زەمەنیی دیاری كراو بووە، بۆیە دەبینین ئەو دروشمانە لەلایەن حیزبەكان لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهاندا زۆر دووبارە ناكرێنەوە، بەڵكو حزبە سیاسییە سەركەوتووە بە ئەزموونەكان هەوڵدەدەن كۆمەڵە دروشم و پڕۆژەیەكی نوێی هاوچەرخ پێشكەش بكەن کە ڕێك و گونجاو بن لەگەڵ قۆناغ و ڕووداو و پێشهات و گۆڕانكاریی و پێویستیی وڵاتەكانیان و داواكاری كۆمەڵگەكانیان.
لە كوردستاندا ئێستا چەندین دروشمی قەبە و گەورە و خەیاڵیی لەلایەن پارت و هێزە سیاسییە عەسكەریی و مەدەنییەكانەوە بەرزكراونەتەوە و ڕۆژانە جەماوەریان پێ تەڵقین دەدرێ و دەگەوجێنرێ.
ئەوەی لەم دروشمانەدا سەیرو سەمەرەیە ئەوەیە:
یەكەم : زۆرێك لەو دروشمانە هێشتا تەمومژاوین و نەك تەنها جەماوەر لە ناوەڕۆك و ماناو ئامانجی پشتەوەیان حاڵی نەبووە، بەڵكو دوور نییە هەندێك لە خاوەنەكانیان و پاڵێوراوەكانیشیان ئەگەر لەمەڕ ناوەڕۆك و مەغزای حەقیقی ئەم دروشمانە پرسیاریان لێ بكرێ نەتوانن وەك پێویست وەڵام بدەنەوە و دەنگدەر قەناعەت پێبكەن.
دووەم : ئەوانەی ئەم دروشمانەیان بەرزكردۆتەوە زۆر بەشێوەیەكی نا تەندروست و ناسروشتیی و ناشارستانیی پڕوپاگەندە بۆ خۆیان و دروشمەكانیان دەكەن و جەماوەر جۆش دەدەن، واتە كەشێكی عەسكەرتاریی و شەڕێكی دەروونیی گەورەی وا خولقێنراوە وەك ئەوەی هەمووان لەبەردەم جەنگێك و مەعرەكەیەكی یەكلاكەرەوە و كۆتاییدا بن، بەو مانایەی ئەگەر هەر یەكێك لەو دروشمانە سەركەوتوو نەبێ و دەنگی پێویست مسۆگەر نەكات، ئەوا كوردستان دەڕوخێ و خەڵكەكەیشی جەهەننەم چاوەڕێیان دەكات! ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە غروور و لەخۆبایی بوون و متمانە بەخۆبوونێكی گوماناویی بە هەڵگرانی ئەم دروشمانەوە بەدێ دەكرێ، هەر یەكێك لەو حزب و لایەنانە پێشبینی ژمارەیەكی سەیرو خەیاڵاوی كورسی پەرلەمانیی بۆخۆی دەكات، وەك ئەوەی دەستكەوت و داهێنانەكانی (یابان) و پێشكەوتنەكانی وڵاتی (سەنگافورا) ئەمان خاوەنی بن و ئێستا چاوەڕێی پاداشت بكەن!
یان وەك ئەوەی ئەو حزب و لایەنانە هەستیان بەوە نەكردبێت كە جەماوەر تاسەر ئێسقان هەڵگرانی ئەم دروشمانە یەک بە یەكیان دەناسن و دەیان جار ئەزموونیان كردوون، فۆڕم و ناوەڕۆكیان شارەزا بووە، زۆر بە وردی مێژوو و كارو سیاسەت و سابقەیان دەزانێت! ئەی ئایا ئەوان نازانن جەماوەر چاك دەزانێ ئەم تایتڵ و دروشمانە نەك بە حیزبی فاشیل و دۆڕاو و داڕزیوو و سواو، نەك بە حیزبۆڵكە و تاقمی بچوك و پڕۆژەی تاكەكەسیی و خەڵكی پاشماوەی ئینشیقاق و سیاسی گەندەڵ و ئۆپۆزسیۆنی ڕواڵەتیی ساختە و درۆزن نایەنە دی و جێبەجێ ناكرێن، كە ئەمانە هەر هەموویان بەر غەزەب و نەفرەت و لەعنەتی خواو پێغەمبەر و ئاسمان و زەوی و داروبەرد كەوتوون!
بەڵكو ئەم دروشم و تایتڵە گەورانە بە حیزبێك یان چەند حزبێكی تۆكمەی عیملاقی بەهێزی خاوەن هەموو جۆرە توانایەكی ماددی و مەعنەویی، پشت ئەستوور بە هەزارەها ئەندام و كادیری لێهاتوو و پێگەیەنراو و ئامادەكراو، خاوەن پانتاییەكی بەرفراوانی خەیاڵیی بنكەی جەماوەریی، هەروەها خاوەن قیادە و نوخبەیەكی سیاسیی عەبقەریی متمانەپێكراو و زیرەك و كاریزما، خاوەن قورسایی و ڕابردووی پاك، وابەستە نەبوو بۆ ئەم و بۆ ئەو دێنەدی و جێبەجێ دەكرێن!
خۆ ئەگەر ئەوانەی ئەم دروشمانەیان بەرزكردووەتەوە ئەم ڕاستییانە دەزانن، كەواتە وەڵام لەم دوو حاڵەتە بەدەر نییە:
یەكەم: یان ئەوەیە ئەمانە وانە و پەندیان لەڕابردوو وەرنەگرتووە و كەسانی سەرگەردان و سەرلێشێواون و پارە و دەسەڵات و كورسی مەستی كردوون، لەولاشەوە بەناو ڕاوێژكارو دەوروبەرو حاشیەی هەڵپەرست و بەرژەوەند پەرست و ماستاوچی و دووڕوو دەوری داون و، زیاد لە سنوور زانیاری درۆو ساختەیان پێگەیاندوون و بە لاڕێیاندا بردوون.
دووەم : یان ئەوەیە هەندێك لەم هێزو لایەنانە دوورو نزیك باوەڕیان بە دیموكراسییەت و بە هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدان و پشتیوانی جەماوەریی نیە ، بەڵكو خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵک، ئەوەی زیاتر لەپشت پەردەوە هیوایان لەسەر هەڵچنیوە و پاڵی پێوە ناوون ئەم دروشمە گەورە و خەیاڵیانە بێ هیچ شەرم و خەجاڵەتییەك لەبەردەم جەماوەردا بەرز بكەنەوە، پشتیوانیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی وڵاتانی دەوروبەرو دەزگا تایبەتە جۆراوجۆرەكانیان، كەڵك وەرگرتنە لە تەزویری ئەلیكترۆنیی تەكنەلۆژیا و زیرەكی دەستكرد، لەڕێی ئەنجامدانی سەفقەی زەبەلاحی پێشوەختە لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییە زەبەلاحەكان كە خاوەن توانایەكی بێ وێنە و خۆرافین لە بواری فێڵ و تەزویرو ساختەكردن و گۆڕینی ڕاستییەكان و شێواندنی داتا و ژمارەكان، توانایەك كە زۆر زۆر زیاترو سەرووترە لە توانا تەکنۆلۆژیی و تەكنیكییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان!