خوێندکاران ئەزموونی چین دەهێننە هەرێمی کوردستان



خوێندکاران لە ڕێگەی پڕۆگرامەکانی خوێندنەوە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو دەهێننە هەرێمی کوردستان، سوود لە پێشکەوتنەکانی وڵاتانی جیهان دەبینن.

مەشخەڵ عەبدولواحید، دەرچووی بەشی زانستی کۆمپیتەرە لە زانکۆی سلێمانی، لە ڕێگەی سکۆلارشیپێکی وڵاتی چینەوە دەرفەتی خوێندنی باڵای پێدەدرێت، لە ڕێگەیەوە بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە و ئێستا لە هەمان وڵات خوێندکاری دکتۆرایە.

ئەو خوێندکارە کوردە، زانکۆی نانکەی ماستەری خوێندووە، کە ئەو زانکۆیە لە ساڵی ١٩١٩ ەوە دروستکراوە و ڕۆڵی هەبووە لە دووبارە بووژانەوەی وڵاتی چین، ئێستاش لە هەمان وڵات خوێندکاری دکتۆرایە لە زانکۆی تیانجین.

چین، خاوەنی گەورەترین سیستەمی پەروەردەیە لە جیهاندا، شانازی بە زیاتر لە 3000 زانکۆوە دەکات تا ساڵی 2022.

لە ساڵی ٢٠٢١دا، داتای وەرگرتنی خوێندکاران لە وەزارەتی پەروەردەی چینەوە ڕایگەیاندووە کە ٣٥ ملیۆن خوێندکاری بەکالۆریۆس و ٣.٣ ملیۆن خوێندکاری باڵا لە سەرتاسەری وڵاتدا هەن.

لەو ژمارەیە، 255,720 خوێندکاری نێودەوڵەتی فول تایم بوون، کە کەمتر لە 1%ی کۆی گشتی ناونوسکردنەکان لە ئاستی نیشتمانیدا پێکدەهێنن.

بەپێی زانیارییەکانی Studyportals ژمارەی ئەو پرۆگرامانەی کە بە زمانی ئینگلیزی لە چین دەخوێندرێن لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ١٢% زیادی کردووە، لە نزیکەی ٢٥٥٠ پرۆگرامەوە بۆ نزیکەی ٢٩٠٠.

 

خەڵک: چی وایکرد وڵاتی چین بۆ خوێندن هەڵبژێریت؟

مەشخەڵ عەبدولواحید: وڵاتی چین بە یەکێک لە پێشکەوتووترین وڵاتەکانی جیهان لە بواری تەکنەلۆژیا دادەنرێت و بڕوانامەی بەکالۆریۆسەکەشم لە زانستی کۆمپیتەردا بوو، ئەمەش پاڵنەری سەرەکیم بووە تا زەمالەی خوێندن (سکۆڵارشیپ) لەو وڵاتە بەدەستبهێنم.

ڕێکارەکانی بەدەستهێنانی زەمالەکە بۆئەوەی ببیتە کاندیدێکی سەرکەوتوو کۆمەڵێک داواکاری لەخۆدەگرێت، لە بڕوانامەی خوێندن، تەندروستی و ئەستۆپاکی، لەگەڵ تاقیکردنەوەی توانستی زمانی ئینگلیزی، منیش سەرجەم پێداویستییەکانم ئامادەکرد و قبوڵی خوێندنم پێدرا.

 

خەڵک: سەرەتای ڕۆشتنت بۆ وڵاتی چین ڕووبەڕووی چ ئاستەنگییەک بویتەوە؟

مەشخەڵ عەبدولواحید: لەو ساڵەدا کە ڕۆشتم سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بوو و ڕێکارەکان کەمێک قورستر بوون، چەند کۆرسێکمان بە ئۆنلاین خوێندن، کاتێکیش گەیشتینە وڵاتی چین لەناو هۆتێلدا کەرەنتین کراین و دواتریش ڕۆشتینە ناو کەمپ.

لەگەڵ ئەوەی ئێمە خوێندکاری بیانی بووین و شارەزای ئەو وڵاتە نەبووین، بەڵام سەرپەرشتیارەکانی کە لەگەڵماندا بوون، لە خاڵی سەرەتا تا کۆتا لەگەڵماندا بوون و ڕێنماییان دەکردین و ئێمەیان ئاشناکرد بە سەرجەم ئەپڵیکەشنەکان.

 

خەڵک: هیچ جیاوزییەکت بەدیدەکرد لە شێوازی ژیانی هەرێمی کوردستان و چین؟

مەشخەڵ عەبدولواحید: من لە شاری تیانجین دەکیان کە بە گەرووی وڵاتەکە دادەنرێت، بەهۆی زۆری ژمارەی بەندەرەکانەوە، ئەوەی کە بۆ من جێگەی تێڕامان بوو، ئەوە بوو کە هەمووان بە یەکەوە دەچوون سەر کار، نانیان دەخوارد و دواتریش دەگەڕانەوە، لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە ١٤ ملیۆن کەس تیایدا دەژیان، هەستت بە ژاوەژاو و جەنجاڵی نەدەکرد، چونکە چەندین جۆری هۆکاری گواستنەوەی جیاواز بۆ خەڵکەکە دابینکرابوو.

هاوکات ئەوەی کە من سەرنجم دەدا، تاکەکانی ئەو وڵاتە بوون کە وا ڕاهێنراون ڕێزگرتنیان بەرامبەر هەموو شتێک تێدابێت، بۆ نموونە کارمەندەکان ڕێزیان تەنانەت لە فڕۆکەکان، ئاڵا، شەمەندەفەر، خەڵکی بێگانە دەگرت.

 

خەڵک: چ نەریتێکی ئەو وڵاتە بە تەواوی بووە بە خوو تیادا کە بۆ تۆ نوێ بوو؟

مەشخەڵ عەبدولواحید: لەوێ پارەی کاش بوونی نییە، هەموو مامەڵەیەک بە ڕێگای ئەلیکترۆنی ئەنجامدەدرێت، ئەمەش یەکێکە لەو کولتوورانەی کە لەوێ لەگەڵیدا ڕاهاتووم و بۆ من تازە بوو، بەتایبەتی چەند ساڵێک پێش ئێستا سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی بۆ هەرێمی کوردستان کەمێک نامۆ بوو و خەڵک بە تەواوی پشتیان بە پارەدانی کاش دەبەست.

 

خەڵک: بە بۆچوونی تۆ چی وایکردووە وڵاتی چین جیاواز و تایبەت بێت؟

مەشخەڵ عەبدولواحید: تەکنەلۆژیا جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە بەراورد بە هەرێمی کوردستان و عێراق، تەنانەت وڵاتانی دیکەی جیهانیش،  شاری شنجن نزیک وانژۆ بە شاری تەکنەلۆژیا (مێشکی چین) ناسراوە، تەکنەلۆژیا بە تەواوی لە هەموو شارەکەدا هەستی پێدەکرێت.

بۆ نموونە کاتێک ئۆردەری خواردن دەکەیت لەبری ماتۆڕ بە درۆن بۆت دەهێنن، تەنها لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی ٢٥٥ هەزار گواستنەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەبووە، کە ساڵ لە دوای ساڵ بە ڕێژەی ٣٨% زیادیکردووە.

 

خەڵک: هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت سوود لە چین ببینێت و پەیوەندییەکانیان قوڵ تر بکەن؟

مەشخەڵ عەبدولواحید: چین پەیوەندییەکی هاوڕێیانەی هەیە و بچێتە هەر وڵاتێک ئاوەدانی دەکاتەوە، پەیوەندی وڵاتی چین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق چەندین ساڵە بە بەهێزی ماوەتەوە، کونسوڵخانەکان توانیویانە ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری ببینن و کۆمەڵێک وەبەرهێنان بکەن، بۆ نموونە لە ڕێگەی ڕەخساندنی زەمالەی خویندنەوە، ڕێگەخۆشکەرن بۆئەوەی هەردوو وڵات سوود لە یەکتر ببینین.

وڵاتی چین، توانیویەتی کۆنترۆڵی بازاڕ بکات، لە ڕێگەی هەناردەکردنی کاڵاکانییەوە بۆ وڵاتانی جیهان، پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیاش جیهانی سەرسام کردووە، لە ڕێگەی زانکۆکانیشەوە توانیویەتی خوێندکاران بەلای خۆیدا ڕابکێشێت تا سوود لە ئاستی زانستی ئەو وڵاتە ببینن.

ئومێد سەباح نوێترین زانیاری سەبارەت بە مووچە و خانەنشینان ئاشکرا دەکات
پێت ئومێد سەباح نوێترین زانیاری سەبارەت بە مووچە و خانەنشینان ئاشکرا دەکات
لەگەڵ نمەباراندا، خۆڵ دەبارێت
دوات لەگەڵ نمەباراندا، خۆڵ دەبارێت
پەیوەندیدار