سبەینێ چوار شەممە، پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر یاسای باری كەسێتی دەدات و یاسایەكیش لە بەرژەوەندی كوردانی ناوچە كوردستانییەكان دەردەكات.
كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سبەی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان دەدات، کە ژمارەیەک بڕیاری مەجلیسی قیادە سەورەی بەعس هەڵدەشێنێتەوە.
ڕاشیگەیاند، بە پەسەند كردنی ئەو پڕۆژە یاسایە، سەرووی میلۆنیک دۆنمی زەوی کشتوکاڵی بۆ کورد و تورکمانی کەرکوک و مەندەلی و هەندێک ناوچەی تر دەگەڕێنێتەوە.
هەر بەپێی كارنامەكەی سبەینێ كۆبوونەوەی پەرلەمان، كە دەست (خەڵك) كەوتووە، دەنگ لەسەر هەمواری یاسای باری كەسێتی دەدرێت، كە ئێستا ناڕەزایەتییەكی زۆری لەسەرە لەناو ڕێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵگەی مەدەنی و زیاتر پشتیوانی لایەنە شیعییەكانی هەیە.
هاوكات، هەر سبەینێ خوێندنەوە و دەنگدان بۆ چەند پڕۆژە یاسایەكی دیكە دەكرێت.