مانگی 9 كۆتایی هات، هێشتا مووچەی دوو مانگی مووچەخۆران دابەش نەكراوە و بەوهۆیەوە زەنگی بایكۆت لە كەرتی تەندروستی لە سلێمانی لێدرا.
پزیشكانی نیشتەجێی خولاو لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەیان بەوەكردووە، بەهۆی دواكەوتنی مووچە لە كاتژمێر 16:00ـی (4ی عەسر)ی ئەمڕوە بایكۆتی دەوام دەكەین.
ماوەی سێ مانگە مووچەخۆران لە دۆخێكی سەختی ئابووریدان و دوای دوو مانگ مووچەی مانگی تەمموز (7)یان وەرگرت و ئەوە مانگێكی دیكە تێپەڕیوە و چوونە مانگی 10وە هێشتا هیچ وادەیەك نییە بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگەکانی (8 و 9) و بەرپرسانی هەرێمیش هەر ڕۆژەی باس لە وادەیەك دەكەن بۆ دابەشكردنی مووچە، بەڵام تەنها لیستی مووچە ئامادەیە بەبێ دابەشكردنی پارەكەی و ئامادە نیین لە داهاتی ناوخۆ كورتهێنانی پارەی مووچە، كە بەغدا دوو هەفتەیە ناردوویەتی پڕیی بكەنەوە.
ڕۆژانە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ نا سبەی بە مووچەخۆران دەكەن و هەر جارەی وادەیەك بۆ دابەشكردنی مووچە ڕادەگەیەنن، بەڵام تاوەكو ئێستا مووچەخۆران بەبێ مووچەن.