بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای دەكات، تۆمەتبارێك بە فێڵ زیاتر لە ١٥ ملیۆن دینار لە كچێك دەستێنێت، كە لە تۆڕە كۆمەلایەتییەكانەوە ناسیویەتی.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ڕزگاری تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد، كە بە فێڵ ١٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دیناری لە كچێك سەندبوو .
ڕاشیگەیاندووە، دوای ئەوەی كچێك سكاڵای لەسەر تۆمەتبارێك تۆماركرد، كە بە فێڵ پارەی لێوەرگرتووە و لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ناسیوویەتی، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكرد و دوای گەڕان و بەدواداچوونەكان توانرا لەماوەی كەمتر لە ٢٤ كاتژمێردا تۆمەتبار لە شاری هەولێرەوە بهێنرێتە سلێمانی و دەستگیر بكرێت و بەشێك لەپارەكانیش دەستی بەسەردا بگیرێت .
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئێستادا تۆمەتبار (م، ف، ع لەدایكبووی ٢٠٠٣، دانیشتووی هەولێر-سەیدئاوا) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٥٢ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە .