دەستەی ژینگە سکاڵای لەسەر بکوژانی ورچەکەی باڵاکایەتی تۆمارکرد و داوای 20 ملیۆن دینار پێبژاردن دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ڕایگەیاند، نوێنەری یاسایی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی ژینگەی سۆران لە دادگای لێکۆڵینەوەی چۆمان ئامادەبوون بەمەبەستی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەدژی کەسانێکی نەناسراو کە هەڵسابوون بەکوشتنی ( ورچێکی کێوی ) لەسنوری گوندی (وێزێ) سەربەقەزای چۆمان.
ڕوونیشیکردەوە کە کوشتنی ورچەکە بەپێی ڕێنمایی نوێی ژمارە (1ی ساڵی 2023)ی تایبەت بە ڕێکخستنی ڕاوکردن بە تاوانی ژینگەیی دادەنرێت و داوای بڕی 20 ملیۆن پێبژاردن کراوە.
کۆتایی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو وێنەی ورچێک بڵاوکرایەوە کە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە لە سنووری قەزای چۆمان کوژرا، ئەوەش ناڕەزایی زۆری هاووڵاتییان و ژینگەپارێزان و داکۆکیکارانی پاراستنی مافی ئاژەڵانی لێکەوتەوە.