بارانی بەخوڕ و تەرزە هەرێم دەگرێتەوە و هۆشداری لافاو دەدرێت



بەپێیی ڕاپۆرت و پێشبینی شارەزایانی بواری كەشناسی، شەپۆلێكی باران بارینی بەخوڕ و تەرزە و هەورە بروسكە ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و لە بەشێكی ناوچەكان ئاستی دابارین دەگاتە زیاتر لە 40 ملم و دەبێتە هۆی دروست بوونی لافاو.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، چالاکی بای بەھێزی باکوری ڕۆژھەڵات لە سبەی ئێوارەوە کەمدەبێتەوە و نیوەرۆی رۆژی دوو شەممە 30/9/2024 کۆتایی پێدێت، ھەر لەگەڵ کۆتایی ھاتنی با پێشبینی ئەکرێت پاڵەپەستۆیەکی نزمی ھەوا بە بارستە ھەوایەکی شێدارەوە لە باشوری وڵاتی ئەوروپاوە جوڵە بکات بە سەر ناوچەکانی وڵاتی تورکیا و باکوری کوردستان و لەنێوان ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە 1/10/2024 بۆ نیوەڕۆی ڕۆژی چوار شەممە 2/10/2024 چاوەروان دەکرێ کاریگەری ببێت لەسەر بەشێکی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان.

ڕاشیگەیاند، ئەو شەپۆلە خۆی ئەبینێتەوە لە حاڵەتێکی ناجێگیری کەش و بەرگەھەوا و چالاکبوونی با و ھەورە بروسکەی بەھێز و تاوە بارانی مامناوەند و بەخوڕ بەتایبەت بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین و بەڕێژەیەکی کەمتریش بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و ھەڵەبجە و باکووری گەرمیان و ئیدارەی سۆران کاریگەری ئەبێت .

وتیشی، “بەگشتی حاڵەتێکی خێرایە و ماوەکەی کورتە، کە ئێوارەی سێ شەممە دەستپێدەکات و نیوەڕۆی چوار شەممە 2/10/2024 کۆتایی پێدێت”.

سەبارەت بە ڕێژەی باران پێشبینی ئەوەی كرد، “ڕێژەی بارانەکان بەگشتی بۆ زۆرینەی ئەو ناوچانە کەم بۆ مامناوەندە لەنێوان 2 تا 10 ملم و لەھەندێ شوێنیش بەتایبەت لەسنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین ئەگەر ھەیە ھەورە بروسکەی بەھێز و توند چالاک ببێت و باران و تەرزەی بەخوڕی لێببارێت بەرێژەی 20 تا 45 ملم کە لە ئەنجامدا لەماوەیەکی کورتدا ببێتە ھۆی دروستبوونی لافاوی خێرا “.

ئیسرائیل دەستی بە حوسییەکانی یەمەن گەیشت
پێت ئیسرائیل دەستی بە حوسییەکانی یەمەن گەیشت
بانگەشەی هەڵبژاردنە و مووچەخۆران مووچەی دوو مانگیان وەرنەگرتووە
دوات بانگەشەی هەڵبژاردنە و مووچەخۆران مووچەی دوو مانگیان وەرنەگرتووە
پەیوەندیدار