لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان كۆبووەوە و ڕیاردرا لە ڕۆژی دەنگداندا هاتووچۆی نێوان شارەکان ئاسایی دەبێت و قەدەغەی هاتووچۆ ڕاناگەیەنرێت.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، كە پەیامنێری (خەڵك) ئامادەی بوو ڕایگەیاند “لە ڕۆژی دەنگداندا هاتووچۆی نێوان شارەکان ئاسایی دەبێت و قەدەغەی هاتووچۆ ڕاناگەیەنرێت”.
ڕاشیگەیاند، نابێت بەهیچ شێوەیەک دەنگدەر مۆبایلی زیرەکی پێبێت و دەنگدەر بە تەواوەتی ئازادە لەوەی دەنگ بە چ لایەنێک و كاندیدێك دەدات و وتیشی، “هاونیشتمانی ئازادە دەنگ بەکێ دەدات و کەس بۆی نییە ناچاری بکات”.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد، “گواستنەوەی میمۆرییەکان تەنیا لە ڕێگەی ئاسمانییەوە دەبێت.
جەختیشی كردەوە، هەڵبژاردن لەکاتی خۆی بەڕێوەدەچێت و هیچ نیازێک نییە بۆ دواخستنی و دەبێت ڕۆژنامەنووس باجی تایبەت بە کۆمسیۆنی پێبێت.