بانكی ناوەندی عێراق بڕیاریداوە لەڕێگەی فرۆشتنی دۆلاری زیاترەوە بەهای دیناری عێراقی بپارێزێت و شارەزایەكی ئابووری و ژمێریاری ئاشكرای دەكات، لە سبەینێوە بەهای دۆلار زیاتر دادەبەزێت.
لە كۆتاییەكانی ساڵی ٢٠٢٠ەوە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بەرزكراوەتەوە و ١٠٠ دۆلار بە ١٤٥ هەزار دینار لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١دا جێگیر كراوە و لەو كاتەوە ١٠٠ دۆلار بە ١٤٨ هەزار دینار گەیشتووە بە دەستی هاووڵاتیان و نرخەكەی بەو جۆرە جێگیر بووە، بەڵام لە دوو هەفتەی ڕابردوودا نرخەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە و شارەزایانی بواری ئابووری و دراو هۆی ئەو بەرزبوونەوەیە بۆ چەند هۆكارێك دەهێننەوە.
بانكی ناوەندی عێراق ڕایگەیاندووە، سبەینێ یەك شەممە بڕی زیاتر لە ٨٣ ملیۆن دۆلار بەشێوەی نەختینەیی دەخاتە بازاڕەوە و بڕی ٢٨ ملیۆن دۆلاریش بەشێوەی حەواڵە و ئەوەش كاریگەری لەسەر دابەزاندنەوەی بەهای دۆلار دەبێت.
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی دۆلارەوە بۆ نزیكەی ١٦٠ هەزار دینار، بانكی ناوەندی چەند ڕێكارێكی گرتۆتەبەر بۆ دابەزاندنەوەی بەهای دۆلار بۆ ١٤٨ هەزار دینار، كە گرنگترینیان كردنەوەی پەنجەرەی فرۆشتنی دۆلاری ڕاستەوخۆیە بە هاووڵاتیان لە بانكە حكومییەكانەوە بە بڕی ١٤٦ هەزار و ٥٠٠ دینار، بەڵام بە مەرجی فرۆشتنی تا بڕی ٢ هەزار دۆلار بۆ مەبەستی گەشت و خوێندن و حەج و عومرە و نەخۆشی.
ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو ٥ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣ جارێكی دیكە سەرباری ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی، نرخی دۆلار بەرزبووەوە و بە وتەی ئومێد قەرەداغی، مامۆستای زانكۆ هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی “بانكی ناوەندی بڕیاری دابوو هیچ بڕە دۆلارێک بەشێوەی حەواڵە ناحاتە بازاڕەوە، تەنها بە شێوەی نەختینەیی بڕی ٥٤ ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت، كە ئەمەش کەمترین ڕێژەی فرۆشتنی دۆلارە بە درێژایی ساڵی ڕابردوو”.
ئومێد قەرەداغی، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی ئابووری و ژمێریاری بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سبەینێ یەک شەممە بانکی ناوەندی بڕی ٨٣ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار بەشێوەی نەختینەیی و بڕی ٢٨ ملیۆن دۆلار بەشێوەی حەواڵە دەخاتە بازاڕەوە، ئەمەش کاریگەری دەبێت لە دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار.
وتیشی، “لەبەردەم بانکی ناوەندی خۆپیشاندانی گەورە دژ بە دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار بەڕێوەچووە، بۆیە حکومەتی سودانی دەیەوێ بە هەر نرخێک بووە بەهای دینار بەرانبەر بەدۆلار لە نرخی فەرمیدا بپارێزێ، چونكە مانەوەی حکومەتەکەی پەیوەستە بە بەهای دینارەوە، دابەزینی بەهای دینار گەورەترین بیانوو ئەدات بە سەدر و نەیارەکانی حکومەت تا هەموو شەقامەکان پڕ بکەن لە خۆپیشاندەری توڕە”.
ئەو پسپۆڕە ئابوورییە هۆشداری ئەوە دەدات، “ئەگەر بەهای ١٠٠ دۆلار بگاتە ١٧٠ هەزار دیناری عێراقی، ئەوا ٣ ملیۆن هاووڵاتی عێراقی دەچنە خوار هێڵی هەژارییەوە”.
جەختیشی كردەوە، بەرزبوونەوەی دۆلار ڕووداوێكی كاتییە و تاسەر بەردەوام نابێت، چونكە بانكی ناوەندی یەدەگی نەختینەی گەورەی لەبەردەستە، كە نزیكەی ١٠٠ ملیار دۆلارە و بەدرێژایی مێژووی حكومەتی عێراق ئەوەندەی نەبووە و هەروەها خاوەنی زیاتر لە ٨٥ تەن ئاڵتونە، كە پاڵپشتی دینارە.
وتیشی، “داوا لە هاووڵاتیان دەكەم لە ئێستادا دیناری عێراقی نەكەن بە دۆلار، چونكە نرخی دۆلار دادەبەزێتەوە و عێراق خاوەنی ئەوەندە یەدەگە تاوەكو بتوانێت پارێزگاری لە بەهای دینار بكات لەنێوان ١٤٦ بۆ ١٤٨ هەزار دیناردا”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ لەگەڵ كردنەوەی بازاڕی دراوەكان، نرخی دۆلار دابەزییەوە و ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، كە ١٠٠ دۆلار بە ١٥٥ هەزار و ٥٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت.