عومەر سەید عەلی دەسەڵاتی ڕێكخەری ڕادەستی دانای ئەحمەد مەجید كرد



لە سلێمانی لە مەڕاسیمێكدا، عومەری سەید عەلی، كە دوای نەوشیروان مستەفا بووبووە ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، دەسەڵاتەكانی خۆی ڕادەستی دانای ئەحمەد مەجید كرد و بەوەش بووە سێیەمین ڕێكخەری گشتی ئەو بزووتنەوەیە.

ئەمڕۆ شەممە 28ی ئەیلوول، لە سلێمانی لە هۆڵی (یانەی كۆمەڵایەتی لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی)، بەشێكی بزووتنەوەی گۆڕان مەڕاسیمێكیان ئەنجامدا بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتەكانی ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەكە لە عومەری سەید عەلی-یەوە بۆ دانای ئەحمەد مەجید.

دانای ئەحمەد مەجید لە ساڵانی ڕابردوودا پارێزگاری سلێمانی بوو، بەڵام بەهۆی دۆسییەكی دادگاوە چووە ئەوروپا و دواتر گەڕایەوە و دۆسیەكەی لە دادگا داخرا.

عومەری سەید عەلی لەدایك بووی ساڵی ١٩٤٥ە و لە ساڵی ١٩٧٤ بووە بە پێشمەرگە و دواتر چووەتە ڕیزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەگەڵ دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕاندا چووەتە ناو ئەو حزبەوە.

پاش كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە ئایاری ٢٠١٧ دا، لە مانگی تەمموزی ٢٠١٧ بووە ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان.

لە ١٠/١٠/٢٠٢١ پاش سێ ڕۆژ لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، كە گۆڕان هیچ كورسیەكی بەدەستنەهێنا دەستی لەكاركێشایەوە و بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق نەكرد.

لە ٢٠ی ١٢ی ساڵی ڕابردوو، گۆڕان دووەمین كۆنفڕانسی نیشتیمانی خۆی ئەنجامدا، كە ئەمەش بۆ ڕێكخستنەوەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان بوو، هەروەها بۆ ئامادەكاری بۆ ئەم هەڵبژاردنەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.

بەڵام گرژی و ئاڵۆزیەكانی ناو بزوتنەوەكە هەر بەردەوامە بەتایبەت، كە بانگەشە دەستیپێكردووە و هەرچەندە كاندیدەكانیان ئامادەن و بانگەشە دەكەن، بەڵام ئەم ئاڵۆزیانە كاریگەری لەسەر ئاستی دەنگەكانی حزبەكە دەكات.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئاڵۆزییەكان زۆر زیاتر بوون و كار گەیشتە ئەوەی كە دەرگاكانی گردەكە داخران و كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا ڕایانگەیاند، “لەپێناو ئاڵۆزترنەبوونی بارودۆخەكە دەرگای گردەكەیان داخستووە”.

بڕیاربوو ڕۆژی پێنج شەممە ئەم مەراسیمە لە گردەكەی گۆڕان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی گرژیەكانەوە نەكرا و ئەمڕۆ بە فەرمی عومەری سەید عەلی دەسەڵاتەكان ڕادەستی دانای ئەحمەد مەجید كرد و بووە ڕێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان.

ئیسرائیل: ئامادەین بۆ ململانێی فراوانتر
پێت ئیسرائیل: ئامادەین بۆ ململانێی فراوانتر
لەعێراق سێ ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیەندرا
دوات لەعێراق سێ ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیەندرا
پەیوەندیدار