نەسروڵا پێش جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی کوژرا



ئیسرائیل کوژرانی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانی ڕاگەیاند، ئەویش دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر ئەو هەڕەشانەی کە ئاڕاستەی ئیسرائیلی کردن.

ئەمڕۆ شەممە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەی زاحییە باشووری بەیروت پایتەختی لوبنان، حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵا کوژرا.

ڕوونیشیکردەوە کە “لە هێرشێکی ئاسمانی ئێوارەی ڕۆژی هەینیدا بۆ سەر گەڕەکی زاحییە باشووری بەیروت، دامەزرێنەر و ئەمینداری گشتی حزبوڵا و عەلی کەرکی فەرماندەی کەرتی باشوور و ژمارەیەکی دیکە لە فەرماندەکانی حزبوڵا کوژراون”.

کوژرانی نەسروڵا، دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک دێت بەسەر ئەو هەڕەشانەی ئاڕاستەی ئیسرائیلی کردن و ڕایگەیاند تۆڵەی کوژرانی دەیان ئەندامی حزبەکەی و برینداربوونی سەدانی دیکە، لە ئیسرائیل دەکەنەوە کە لە ڕێی تەقاندنەوەی ئامێری پەیجەرەوە کرانە ئامانج.

نەسروڵا کە بە هەڕەشە بەردەوامەکانی لە دژی ئیسرائیل دەناسرایەوە ڕایگەیاند، “لە بچووکترین بازنەی نێوخۆماندا بڕیار لەسەر سروشت، قەبارە، چۆنێتی و شوێنی تۆڵەکردنەوەکە دەدەین”، بەڵام پێش ئەوەی بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات، کوژرا.

حەسەن نەسروڵا ڕۆژی 31ی ئابی 1960 لە ناوچەی هەژارنشینی کارنتینەی بەیروت لەدایکبووە. ساڵی 1992 دوای کوژرانی عەباس موسەوی، ئەمینداری گشتی پێشوو، لە تەمەنی 32 ساڵیدا بوو بە ئەمنیداری گشتی حزبوڵا هەڵبژێردرا.

نەسروڵا کە بە نوێنەری وەلی فەقیهی ئێران دادەنرا لە لوبنان، بەردەوام هەڕەشەی لە بەئامانجگرتنی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکرد کە هاوپەیمانی سەرەکی ئەو وڵاتەیە لە ناوچەکەدا.

دوای ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2023، حەسەن نەسروڵا پشتیوانی بۆ بزووتنەوەی حەماس ڕاگەیاند و لەو کاتەشەوە ببووە سەرچاوەی بێزارکردنی ئیسرائیل و ناوبەناو حزبەکەی هێرشی مووشەکی دەکردە سەر.

هێرشکردنە سەر  کەشتیگەلەکانی ئەمریکا کە بۆ پاراستنی ئیسرائیل ڕەوانەی ناوچەکەی دەکردن، بەشێکی دیکەبوون لە هەڕەشەکانی نەسروڵا.

ساڵی 202یش دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی بەڵێنی دا سەربازانی ئەمریکا لە نێو دارەمەیتدا ڕەوانەی ئەمریکا بکەنەوە، بەڵام ئەوەش یەکێکی دیکە بوو لەو بەڵێنانەی کە جێبەجێی نەکردن.

حزبوڵا مێژوویەکی ڕەشیشی لە هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ و کوشتوبڕی سووننەکان و دروزەکانی لوبنان و هەروەها ناردنی میلیشیا بۆ پشتیوانیکردنی ڕژێمی بەشار ئەسەد هەیە.

دادگایەکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش حزبوڵای تۆمەتبارکرد بە تێوەگلان لە تیرۆرکردنی ڕەفیق حەریری، سەرۆک وەزیرانی پێشتری لوبنان کە ساڵی 2005 لە ڕێی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەیەوە کوژرا.

نەسروڵا پێش جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی کوژرا
پت نەسروڵا پێش جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی کوژرا
دابەشبوونی سیاسیی كوردستان و دوو بەرەی جیاواز
دوات دابەشبوونی سیاسیی كوردستان و دوو بەرەی جیاواز
پەیوەندیدار