“زۆرینەی جڤاتی نیشتمانیی هەڵبژێردراو”ی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە، لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا رێکخەری گشتی بە وەکالەت دانانرێت، ئێمە دەمانەوێت بە هەڵبژاردن ڕێکخەری گشتی دابنرێت، ئەوان دەیانەوێت بە کودەتا و وەکالەت دابنرێت.
“زۆرینەی جڤاتی نیشتمانیی هەڵبژێردراو”ی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “ئێمە زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو و شەرعی بزوتنەوەی گۆڕان لە باژێروانەکان، ڕەوەندی کوردی و نوێنەری ئافرەتان وەک بەرەی دەستوور ڕێگری لە پیلان و موئامەرە دەکەین.”
لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، “ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا هەمیشە کاری بۆ دەوڵەتی قانون کردووە، بزوتنەوەی گۆڕانی وەک هێزێکی سیاسی و مەدەنی پشت ئەستوور بە شەرعیەتی دیموکراتی و هەڵبژاردن وەک بنەمای رەوایەتی دامەزراندووە، دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕانی بە پەنجە و قەڵەمی خۆی داناوە.”
ئەوەشخراوەتەڕوو، “لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ڕێکخەری گشتی بە وەکالەت دانانرێت، ئێمە دەمانەوێت بە هەڵبژاردن رێکخەری گشتی دابنرێت، ئەوان دەیانەوێت بە کودەتا و وەکالەت دابنرێت، ئەمەش لە دنیادا نموونەی نییە.”
“زۆرینەی جڤاتی نیشتمانیی هەڵبژێردراو”ی بزووتنەوەی گۆڕان باس لەوەشکردووە، “ڕێکخەری گشتی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان کەسێکە جێگەی رێزە و پێش سێ ساڵ لە 13ـی تشرینی یەکەمی 2021 لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانیدا دەستیان لەکاركێشایەوە و راگەیەندراوی فەرمییان بڵاوکردەوە.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە هەمان کۆبوونەوەدا جڤاتی نیشتیمانی لە راگەیەندراوی فەرمیدا پێشوازی و دەستخۆشیان لێکرا و دەستلەکارکێشانەوەیان قبووڵ کرا، لەسەر ئەو بنەما دەستورییە ئەو وەکالەتە نادەستووری و نایاساییە.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا کاتێک ڕێکخەری گشتی بوو وەکالەتی تایبەتی بۆ کاروباری کۆمسیۆن کردەوە، نەک کەسێک بە وەکالەت بکات بە ڕێکخەری گشتی، بەکارهێنانی هەر بەراوردکارییەک بۆ چەواشەکاری و داپۆشینی فەزاحەتێکی گەورەیە.”
ئەوەش خراوەتەڕوو، “ئەوەی تاقمێک کەس پێی هەستاون و بە نیازن بە موئامەرە و لە ژێر ناوی کۆبونەوەی رێزلێنان و دەستبەکاربوون ئەنجامی بدەن بە هەموو شێوەیەک ڕێی لێدەگرین، نیازی پشت ئەو کارە لە ناوبردنی بزووتنەوەی گۆڕانە، بەرپرسیارێتی مێژوویی، یاسایی و سیاسی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو پیلانگێڕانە.”
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لەبەرئەوە زۆرینەی جڤاتی نیشتیمانیی هەڵبژێردراو بڕیارماندا مەکۆی سەرەکی (گردی زەرگەتە) تا کاتێکی نادیار دابخرێت بۆ ڕێگری لە ئاژاوە و لە پێناو سەلامەتی هەموواندا، ئەوان بێباکن لە هەموو کارێکی خراپ.”