ئەمڕۆ، ڕۆژی جیهانی گەشتیارییە



ڕێکخراوی گەشتوگوزاری جیھانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان  (UNWTO)، بەرواری ٢٧ی ئەیلولی ھەموو ساڵێکی دیاریکردووە بۆ رۆژی جیھانی گەشتوگوزار و ھەر ساڵەی لە وڵاتێک چالاکی تایبەت بەم بۆنەیە ئەنجام دەدرێت.

گەشتوگوزار ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی دیالۆگ لە نێوان کولتوورەکاندا و دەرفەتی زۆر دەڕەخسێنێت، لەوانە ناسینی یەکتر، فێربوونی زمانی بیانی، پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی دیکە و بنیاتنانی لێبوردەیی.

ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ڕایگەیاندووە، ساڵی ٢٠٢٤ دەستەی گەشتوگوزار ھەوڵەکانی چڕکردەوە بە ئاڕاستەی زیاتر بە بازاڕکردن بۆ کەرتی گەشتوگوزار و ناساندنی ھەرێمی کوردستان وەک و ڕوگەیەکی گەشتیاری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیھان.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئامانجی پەرەپێدانی بەرھەمە گەشتیارییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی کار، بە ھەماھەنگی بەرنامەی پەرەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان UNDP و بە پاڵپشتی دارایی ئاژانسی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی USAID  توانرا خولی کارە دەستییەکان بۆ زیاتر لە ١٥٠ ژن و گەنج لەسەرجەم شارەکان بکرێتەوە، کە کاریگەری گەورەی دەبێت لە سەر بەرزکردنەوەی ئاستی کواڵیتی بەرھەمی کارە دەستییەکان و بە براند کردنیان.

یەکێک لە سێکتەرە گرنگەکانی ئابووری هەرێمی کوردستان کەرتی گەشتیارییە، ئیبراهیم عبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 100 شوێنی تایبەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە گەشتیاران هەن، ئەوەش هۆتێل و مۆتێل و ڕێستورانتەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ شوێنە سروشتیی و گەشتیارییەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، گەشتوگوزاری هەرێم ئێستا خاوەنی یاسایەکی تایبەت بە خۆیەتی، گرنگترین بڕگە لە ڕێنماییەکان بریتین لەوەی دەبێت لە 75%ـی ئەو کەسانەی لە پرۆژەی کەپرە گەشتییاریییەکان کار دەکەن، کارمەندی خۆماڵی بن.

بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە چوار مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، هەروەها پێشبینیش دەکرێت ئەم ساڵ زیاتر لە هەشت ملیۆن گەشتیاری دەرەوە و ناوخۆیی بێنە هەرێمی کوردستان.

بەراورد بە 5 ساڵی ڕابردوو، ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان دوو بەرامبەر و زیاتر بەرز بووەتەوە، ساڵی ڕابردوو نزیکەی هەشت ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، هەروەها دەستەی گەشتوگوزار پلانی هەیە تاوەکو ساڵی 2030، ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بگەیەنەتە 20 ملیۆن گەشتیار.

تەیف سامی بڕیار لەسەر مووچەی دوو مانگ دەدات
پێت تەیف سامی بڕیار لەسەر مووچەی دوو مانگ دەدات
داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی زیادیکردووە
دوات داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی زیادیکردووە
پەیوەندیدار