“تا ئێستا هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە و مووچە ڕێكنەكەوتوون”



پەرلەمانتارێكی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان بەغدا و هەولێردا نییە سەبارەت بە پشکی کوردستان لە بودجە، لەكاتێكدا چاوەڕوانی گەیشتنی بۆ پەرلەمان دەكرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا.

شەریف سلێمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی (المعلومە)ی عێراقی ڕایگەیاندووە، “بودجەی ئەمساڵ هەموو پێداویستییەکانی هاووڵاتیان دابین دەکات و لە ئێستاشدا لە قۆناغی ئامادەکاریدایە لەلایەن حکومەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لە بودجەی ساڵی 2023دا بەرنامەی حکومەت سەرجەم كەرتەكانی تەندروستی و کارەبا و وەبەرهێنان و ژێرخانی وڵات لەخۆی دەگرێت، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتۆتە پەرلەمان”.

ڕوونیشی کردەوە، بودجە پێویستی بە ئامادەکردنی چەندین بڕگە هەیە، لەوانە پشکی هەرێم، نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و تەرخانکردنی ژێرخانی ئابووری، هەروەها نەبوونی ڕێککەوتنێکی تەواو لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە پشکی کوردستان.

پێشتر، زام شیبلی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی ئەوەی پشتڕاست كردبووەوە، كە پابەندبوونی هێزەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە ڕێککەوتنە ئەنجامدراوەکان ئاسانکاری دەکات بۆ تەواوکردنی یاسای بودجە و ناردنی بۆ پەرلەمان لە وادەیەکی زوودا.

سەرەڕای چوونی چەندین شاندی هەرێم بۆ بەغدا بۆ ڕێككەوتن لەسەر پشكی بودجەی هەرێم و دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی دیكە، بەڵام تا ئێستا ڕێككەوتن نەكراوە و لە هەمان كاتیشدا سەرباری ڕێككەوتنەكانی ساڵانی پێشوو، بەڵام ڕێككەوتنەكان جێبەجێ‌ نەكراون.

سەرەڕای ڕێككەوتنی هەرێم و عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی بەشێك لە بودە بۆ مووچەی فەرمانبەران، بەڵام چەندین ئاستەنگ دروست دەكرێت و لە ئێستاشدا بە ڕاشكاوی وەزیری دارایی ناردنی مووچەی دوو مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕاگرتووە، كە ٤٠٠ ملیار دینارە.

نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوەدایە
پێت نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوەدایە
جوڵەی فڕۆكەوانی لە فڕۆكەخانەی بەغدا لەگەڕكەوت
دوات جوڵەی فڕۆكەوانی لە فڕۆكەخانەی بەغدا لەگەڕكەوت
پەیوەنیدر