لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران باسی مووچە نەکرا



ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم کۆبۆوە و ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، و تێیدا بەهەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەندکرد و داوا لەحکومەتی فیدڕاڵ دەکات ڕەزامەندی لەسەر بدات.

دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیران:

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، ئاماژەمان بە ساڵیادی ڕیفراندۆم کرد وەک پرۆسەیەکی دیموکراتیانە و پیرۆزباییمان لە خەڵکی کوردستان کرد.

هەروەها بە بۆنەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دووپاتمان كردەوە، کە پێویستە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان ، بانگەشەیەکی ئارام و شارستانیانە و لە سەر خۆ بکرێت و هیوامان خواست کە ئەنجامی هەڵبژاردن لە خزمەتی دەسکەوت و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی زیاتری دیموکراسیی بێت.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی (فەرمانبەرانی گرێبەست و دەرچووانی سێ یەکەمی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندی خاوەن پیشەی تەندروستی وپزیشکی دەیانگرێتەوە) دەیانگرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە هەریەک لە بەڕێزان سیراج بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، وردەکاریی ئەو بڕگەیەیان بە زانیاریی و ژمارەی پێویست و چوارچێوەی یاسایی و دارایی بابەتەکە خستەڕوو و ئاماژەیان دا بە ڕۆڵی بەرچاوی هێزی کاری فەرمانبەرانی گرێبەست لە ناو دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم کە خاوەنی ساڵانێکی زۆری خزمەتن و هەندێکیان بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنیشیان پێ دراوە، هەروەها ئاماژە بە ڕەوایی داوایان بۆ بەهەمیشەییبوون لەسەر میلاکی گشتی کرا، بە تایبەتی کە هەموویان تۆماری بایۆمەتریان بۆ ئەنجامدراوە و خاوەنی ژمارەی وەزیفیی خۆیانن و لیستی مووچە و تەرخانکراویی مانگانەیان لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە پەسەند کراوە.

سەبارەت بە بەشەکانی دیکەی وەک سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومیەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵای دانەمەزراو و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندیی پزیشکی دەیانگرێتەوە، ئاماژە بەوە درا کە هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، بە یاسای تایبەت بە خۆیان، دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ ڕەخساوە کە پێویستە ئەوانەی هەرێمیش، وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕآڵ، مامەڵە بکرێن و بە گوێرەی هەمان یاسا . بۆ ئەو مەبەستەش، ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە کە پلەی وەزیفی پێویست و تەرخانکراوی داراییان بۆ دابین بکات لە چوارچێوەی خشتەی میلاکاتی هەرێم بۆ ساڵی 2025 بە ڕەچاوکردنی بنەمای هێنانەدی یەکسانی لە نێوان هەرێم و بەغدا کە هەم دەستوور و هەم دادگای باڵای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردۆتەوە، بە تایبەتیش لەم قۆناغە کە پەیوەندی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا چووەتە ئاستێکی بەرز بە ئاراستەی یەکخستنی ڕێکارە داراییەکان و یەکخستنی شایستەی دارایی و مووچە و دەرفەتی دامەزراندن بۆ هەمووان لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بە شێوەیەکی مەبدەئی بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەند کرد بە هەمان ئەو مەرج و میکانیزم و ڕێکارانەی کە حکومەتی فیدڕاڵ لەمبارەیەوە پەیڕەویان دەکات و بەگوێرەی پێداویستی و تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان . بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتی ڕاژەی هەرێمی کوردستان ڕاسپێردران کە ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و لە چوارچێوەی هەمان تەرخانکراویی ئێستای مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست کە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە خەرج دەکرێت.

سەبارەت بە سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانی دانەمەزراو و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندیی پزیشکی دەیانگرێتەوە لە هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ پلەی وەزیفی و تەرخانکراویی دارایی پێویست دابین بکات بە گوێرەی ئەو یاسایانەی کە هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵیی پێ دامەزراوەن بە هەمان میکانیزم و ڕێکار و مەرجە بەرکارەکان و بە گوێرەی پێداویستی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم، ئەویش لە چوارچێوەی خشتەی میلاکاتی هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2025 کە بە داخەوە لە دوای ساڵی 2013 ەوە هیچ پلەیەکی وەزیفی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان دروست نەکراوە و ژمارەی میلاکی هەرێم بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتی ڕاژە لە هەرێم ڕاسپێردران کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و ئەنجومەنی گشتی ڕاژەی فیدڕاڵ، ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر.

لە بڕگەی دووەمدا دوا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق خرایەڕوو کە بڕیارە لە 20 ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت.

بەڕێزان دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم ، تیشکیان خستە سەر دوایین ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی سەرژمێری و تێبینی و سەرنج و نیگەرانی و مەترسیی خۆیان لە بارەی شێواز و ئامانجی پرۆسەکە دەربڕی.

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، دووپاتی کردەوە کە دژی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی نین، بەڵام نابێت ئەم سەرژمێرییە بۆ هیچ مەبەستێکی سیاسی بەکار بهێنرێت و نابێت ببێتە جێگرەوەی هیچ ڕێکارێکی دەستووریی کە لە ماددەی 140 ی دەستووردا هاتووە. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پلاندانان و دەستەی گشتی ناوچەکوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕاسپێردران کە تێبینی و سەرنج و نیگەرانی و پێشنیار و ڕاسپاردەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەننە لایەنی پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ.

 

لاهور شێخ جەنگی: سیستمی مووچە لەتەواوی عێراق یەكدەخەین
پێت لاهور شێخ جەنگی: سیستمی مووچە لەتەواوی عێراق یەكدەخەین
زێڕنگەرێك: ئەوەی سەرەتای ئەم مانگە لیرەی كڕیبێت 40 هەزار لەخێردایە
دوات زێڕنگەرێك: ئەوەی سەرەتای ئەم مانگە لیرەی كڕیبێت 40 هەزار لەخێردایە
پەیوەندیدار